چەند راستییەكی گرنگ لەبارەی پرۆستاتەوە
رووداو-ئاژانسەكان
پرۆستات یەكێكە لە رژێنەكانی رەگەزی نێرینە و بەرپرسە لە دەردانی شلەی تۆواو. پرۆستاتیش وەك هەر ئەندامێكی جەستە تووشی جۆرەها نەخۆشیی دەبێت. زۆربەی نەخۆشییەكانی پرۆستات دوای تەمەنی 50 ساڵی دەردەكەون. لە تەمەنی 75 ساڵیدا نیوەی پیاوان نیشانەكانی گەورەبوونی پرۆستاتیان تێدا دەردەكەوێت.
لەبەرئەوەی رژێنەكە پەیوەندی بە كۆئەندامی زاوزێوە هەیە، هەندێك لە پیاوان شەرمدەكەن باسی گرفتەكانی بكەن. بەڵام پزیشكان هۆشداری دەدەن لە مانەوەی پرۆستات بە گەورەیی و چارەنەكردنی، چونكە دەبێتەهۆی چەندین گرفتی درێژخایەن و كورتخایەن.
پرۆستات لەنێوان میزڵدان و سەرەتای بۆری میزەڕۆدا هەڵكەوتووە و بەشێكی بۆری میزی پێدا تێپەڕدەبێت. لەكاتی گەورەبوونی پرۆستاتدا فشار دەكەوێتەسەر بۆری میز و تەسكیدەكاتەوە، ئەوەش میزكردن سەختدەكات.
نیشانەكانی گەورەبوونی پرۆستات
1-میزەچركە
2-كەسەكە هەستدەكات میزێكی زۆری پێیە و تەنانەت لە خەو بەخەبەری دێنێ، كەچی كە دەچێتە توالێت تەنیا چەند دڵۆپێك میز دەكات
3-لاوازیی هێزی رۆیشتنی میز
4-دوای میزكردن كەسەكە هەستدەكات هێشتا میزڵدانی بەتاڵ نەبووە.
زیانەكانی گەورەبوونی پرۆستات
هەندێكجار پرۆستات هێندە گەورەدەبێت كە میزێكی زۆر لە میزڵدان كۆدەبێتەوە و هەندێكجار بۆ گورچیلەكان دەگەڕێتەوە. ئەگەر بۆماوەیەكی زۆر حاڵەتەكە بەبێ چارە بەردەوامبێت، ئەم كاریگەریە نەخوازراوانەی لێدەكەوێتەوە:
1-هەوكردنی میزڵدان
2-بەردی میزڵدان
3-زیانكەوتن لە گورچیلە
گەورەبوونی پرۆستات ئەمانەی لێناكەوێتەوە:
1-نابێتەهۆی تووشبوون بە شیرپەنجەی پرۆستات
2-توانای منداڵخستنەوە پەكناخات
3-نابێتەهۆی لاوازیی سێكسی
چارەسەر
1-سەرەتا كحول و كافاین لە ژەمەكانتدا كەم بكەوە، چونكە ئەوانە میزكردن زیاد دەكەن و زیاتر بێزارت دەكەن.
2-هەندێك دەرمان هەن میزكردن سەختدەكەن، وەكوو: دژە هەستەوەرییەكان، وشككەرەوەی لووت. بە راوێژ لەگەڵ پزیشكەكەت كەمترین بڕ لەمانە بەكاربهێنە.
3-دەرمانی چارەسەری گەورەبوونی پرۆستات هەن، ئەمانە نیشانەكانی گەورەبوونی پرۆستات كەمتر دەكەنەوە، بەڵام بە دەگمەن بنەبڕی دەكەن.
4-نەشتەرگەریی لابردنی بەشێك لە پرۆستات بۆ بچووككردنەوەی قەبارەكەی.
چۆن ئەو گەورەبوونە بە لەیزەر چارەسەر دەكرێت؟
رێگاكانی چارەسەركردنی گەورەبوونی پرۆستات زۆرن، بڵاوترینیان نەشتەرگەرییە. بەڵام ئێستا لەیزەریش بەكاردێت لە چارەكردنیدا. ئاراستەكردنی تیشكی لەیزەر بۆ توێكڵە هەڵاوساوەكەی پرۆستات، وایلێدەكات بە پارچەكردنی توێكڵەكەی و بەهەڵمكردنی، قەبارەی پرۆستات بچووك ببێتەوە و بەوەش فشار لەسەر بۆری میز كەمدەبێتەوە.
زۆربەی حاڵەتەكانی پرۆستات شیرپەنجەیی نین و ئەگەری تووشبوونیش بە شیرپەنجەی پرۆستات زیادناكەن، بۆیە لەو رووەوە پێویست بە ترسناكات، دوای ئەوەی پشكنینە پزیشكییەكان دەریانخست كە گەورەبوونەكە سادەیە و شیرپەنجە نییە.
لەگەڵ ئەوانەشدا دەبێ بزانین شیرپەنجەی پرۆستات لە شیرپەنجە هەرەبڵاوەكانە لە پیاواندا و گرنگە لەگەڵ دەركەوتنی نیشانەكانی گەورەبوونی پرۆستات، راوێژ بە پزیشك بكرێت.