خواردنی میوە و سەوزەکان مەترسی نەخۆشییەکانی سییەکان کەمدەکاتەوە
رووداو- هەولێر
توێژینەوەیەکی نوێی سوویدی لە پەیوەندی نێوان خواردنی میوە و سەوزەکان لەگەڵ نەخۆشییەکانی سییەکانی کۆڵیوەتەوە و دەریخستووە ئەوانەی بڕێكی زۆرتری میوە و سەوزەکان دەخۆن مەترسی تووشبوونیان بە گرفتی درێژخایەنی گیرانی بۆڕییە هەواییەکانی جگەرەکێشەکان کەمدەکاتەوە.
ژمارەیەکی توێژەرانی سوویدی لە پەیوەندی خواردنی میوەکان و تەندروستی سییەکانی نزیکەی 44 هەزار سوویدییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە زیادکردنی هەر ژەمێک لە میوە و سەوزەکان بۆ خۆراکی رۆژانە، مەترسی نەخۆشییەکانی سییەکان بەرێژەی 4% لەوانەی پێشتر جگەرەکێش بوون و بەرێژەی 8% لەوانەی ئێستا جگەرەکێشن کەمدەکاتەوە.
سەبارەت بە کاریگەری کام میوە و سەوزە باشترینە ئەوان دەڵێن، گەڵا سەوزەکان، بیبەر، سێوە و هەرمێ زۆرترین کاریگەرییان لەسەر تەندروستهێشتنەوەی سییەکان هەیە.
یەکێك لە گەورەترین گرفتەکانی تووشبوون بە گرفتی درێژخایەنی گیرانی بۆڕییە هەواییەکان جگەرەکێشانە و رێكخراوی تەندروستی جیهانیش پێشبینی دەکات تاکو ساڵی 2030 ئەم گرفتە ببێتەهۆکاری سێهەمی مردن لە جیهاندا.
زۆرخواردنی میوە و سەوزەکان جگە لە کەمکردنەوەی نەخۆشییەکانی سییەکان، هەروەها مەترسیی تووشبوونیش بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزەپەستانی خوێن و شێرپەنجەش کەمدەکاتەوە.