تەنیا 10 مەلەوانگەی سلێمانی مەرجى تەندروستییان تێدایە
رووداو- سلێمانی
سامان حەسەن، 37 ساڵ، دەمێک بوو بە دەست ئازارى بڕبڕەى پشتەوە دەیناڵاند، کاتێک سەردانى پزیشکى کرد، رێنمایى کرد مەلە بکات. سامان ئێستا هەفتانە دوو جار دەچێتە مەلەوانگەکانى سلێمانى و دەڵێت "ئێستا زۆر کەمتر لە جاران پێویستم بە ئازارشکێنە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازاری پشتم".
مەرج نییە هەموو ئەوانەى روو لە مەلەوانگەکان دەکەن وەکوو سامان ئازارى پشتیان هەبێ، بەتایبەتى لە وەرزى گەرمادا، بەڵام پزیشکەکان دەڵێن ئەگەر مەلەکردن دەرمان بێ بۆ هەندێک نەخۆشى، زۆرجار شوێنى مەلەکردن دەبێتە هۆى تووشبوون بە نەخۆشى.
سامان دەڵێ جگە لە کەمبوونەوەی ئازاری پشتی، وەرزش جەستە و دەروونى بەگشتی ئاسوودەتر دەکەن و هەست بە تەندروستی و ئارامییەکی زۆرتر دەکات پاش مەلەکردن.
بە گوتەی سەرپەرشتیارانی مەلەوانگەکان، ئێستا خەڵکی زیاتر هەم بۆ فێربوونی مەلە و هەم بۆ مەلەکردن، روویان لێ دەکەن.
لە بەدواداچوونێکی پێشووتری (رووداو)دا گۆران کەمال، راهێنەری مەلەوانی لە یانەی وەرزشیی سلێمانی، گوتبووی رۆژانی هاوین 100-120 کەس سەردانی مەلەوانگەکەی ئەوان دەکەن "لە منداڵی دایەنگەوە سەردانکەرمان هەیە تاوەکو کەسانی پێگەیشتوو، لە هەردوو رەگەزەکەش سەردانکەرمان هەیە".
بە گوتەی گۆران، ئێستا خانمان لە جاران زیاتر سەردانی مەلەوانگە گشتییەکان دەکەن "هەفتانە رۆژێکمان تایبەت کردووە بە خانمان، ئەوان بە تامەزرۆییەوە پێشوەخت ناوی خۆیان تۆمار دەکەن تاوەکو ئەو رۆژە سەردانی مەلەوانگە بکەن".
سەرچاوەی تەندروستی و نەخۆشی
پزیشکەکان کۆکن لەسەر ئەوەی مەلەکردن وەرزشێکی بەسوودە، بەڵام هۆشداریش دەدەن لەوەی ئەگەر مەلەوانگەکان بە باشی خاوێن نەکرێنەوە، دەبنە سەرچاوەی نەخۆشیی گوازراوە.
دکتۆر سەنگەر جەلال، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست بە (رووداو)ی گوت "راستە مەلەکردن وەرزشێکی بەسوودە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان و باشتر کارکردنی جومگەکان و باشترکردنی کاری بڕبڕەکانی پشت، ئەوە جگە لەوەی بۆ تەندروستیی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن و کۆئەندامی هەناسەش بەسوودە". بەڵام هەمانکات هۆشداری دەدات لەوەی ئاوی پیس سەرچاوەی مەترسییە.
دکتۆر سەنگەر دەڵێ ئەوان رێنمایی هەمووان دەکەن زۆرتر روو لە مەلەوانگە داخراوەکان بکەن نەوەک کراوەکان، بۆ ئەوەی لە زیانەکانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی بەدووربن لەسەر پێستیان. هەروەها دەبێ پێش و پاش مەلەکردن خۆیان بشۆن، لە باری یەکەمدا بۆ ئەوەی نەبنە هۆی گواستنەوەی میکرۆب و پیسییەکانی پێست بۆ خەڵکی و لە باری دووەمیشدا تاوەکو هەر نەخۆشییەکی پێستی کەسانی دیکەیان وەرگرتبوو، بە جەستەوە نەمێنێ.
جگە لە پێست، پیسبوونی ئاوی مەلەوانگەکان بە میکرۆب و ڤایرۆس و وردە زیندەوەرە جیاوازەکان رێگە خۆش دەکات بۆ هەوکردنی کۆئەندامی هەرس، هەناسە و میز.
بۆ کەمکردنەوەی زیانی ئەو وردە زیندەوەرە نەخۆشخەرانە، کلۆر دەکرێتە ئاوی مەلەوانگەکانەوە، بەڵام ئەوەش باڵانسێکی وردی دەوێت، چونکە کەم بەکارهێنانی کلۆر ئەو زیندەوەرانە لەنێونابات و زیاد بەکارهێنانیشی دەبێتە هۆی سووتاندنەوەی پێست، چاو، ناوپۆشەکانی کۆئەندامی هەرس و هەناسە و چەندین زیانی دیکە، بەتایبەتی لە منداڵاندا.
مەلەوانگەکان مەرجی تەندروستییان تێدا نییە
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کە بە (رووداو) دراون، لەنێو شاری سلێمانی 24 مەلەوانگە هەن، ئەمساڵ سێ مەلەوانگەیان ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییان پێدراوە و 11 دانەش بە پلەی کەمتر کەموکورتی تەندروستییان هەبووە. بەمەشدا دەردەکەوێت کە تەنیا 10 دانە لە مەلەوانگەکانی سلێمانی مەرجی پێویستی تەندروستییان تێدایە.
لەبارەی پێوەرەکانی خاوێنیی مەلەوانگەکانەوە، لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنەکانی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت "ئەو کەسەی دەیەوێ مەلە بکات، دەبێ سەرەتا پێیەکانی بە گیراوەی پەرمەنگەنات بشووات، پاش وەرگرتنی دووشێک بە جلێکی تەواو خاوێنەوە مەلە بکات، هەموو بەشداربوویەکیش دەبێ کارتی تەندروستی هەبێ کە بیسەلمێنێ نەخۆشیی گوازراوەی نییە".
لەشکر حەمید دەڵێ ئاوی مەلەوانگە دەبێ بەردەوام خاوێن بکرێتەوە و لە سووڕاندا بێت و فیلتەری تایبەتی هەبێ، هەفتانەش تەواوی ئاوەکە بگۆڕدرێت و ماوە ماوەش پشکنینی کیمیایی و میکرۆبی بۆ ئاوەکەی بکرێ.
بەپێی ئەو پێوەرەی لە عێراق هەیە و (رووداو) لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی وەریگرتوون، ئاوی مەلەوانگە دەبێ پێوەری ترشییەکەی (PH) لەنێوان 6.5-8.5 دا بێت. خەستیی کلۆرەکەیشی لەنێوان 0.5-1.5 ppm دا بێت، ئەوە لەکاتێکدایە بڕی کلۆری نێو ئاوی خواردنەوە 0.3 ppm زیاتر نییە.
لەڕووی پلەی گەرمیشەوە ساونا هەڵمییەکان نابێ پلەی گەرمییەکەیان لە 50 پلەی سیلیزی و ساونا وشکەکانیش لە 60 پلە گەرمتر بن. هەروەها نابێ تووشبووانی رەبۆ لە 15 خولەک زۆرتر تێیاندا بمێننەوە، چونکە دەبێتە هۆی هەناسەتوندی. کلۆریش نابێت بە دەست بکرێتە نێو ئاوی مەلەوانگەکانەوە، بەڵکو بە پەمپی ئۆتۆماتیکی و بە بڕی ستاندارد بۆیان زیاد بکرێ، چونکە کەمی و زۆریی بڕی کلۆر زیانبەخشە.
بە گوتەی لەشکر حەمید، تیمەکانی ئەوان لانیکەم 2-3 هەفتە جارێک مەلەوانگەکانی سلێمانی بەسەردەکەنەوە و هەر مەلەوانگەیەک مەرجى تەندروستی تێدا نەبێت، سزای دەدەن.