پزیشک و دەرمان و بەرتیل

کاتێک چوویتە لای پزیشکەکە و گەرەکت بوو باسی توانا و ئاستی زانستی و کارایی دەرمانەکەتی بۆ بکەی، ئەگەر پزیشکەکە گوتی چیم بۆ دەکەیت دەرمانەکەت بۆ بنووسم، راستە و راست شتومەکەکانت کۆدەکەیتەوە و دەیانخەیتەوە نێو جانتاکەت، ئینجا پێی دەڵێی فەرموو جەنابی دکتۆر چیت دەوێ؟ با رێکبکەوین. 
ئەوەی گوتم لە یەکێک لە وانەکانی راهێنانێکی نوێنەرانی کۆمپانیاکانی دەرماندا گوترابوو لە هەولێری پایتەخت. 

کاتێک بەرتیل هاتە گۆڕێ، ئیتر زانست و کواڵیتی و شێوازی کارکردنی دەرمان دەخرێتەوە نێو جانتا و ئینجا پارە و ئایفۆن و ئایپاد و ماک و کەوانتەری نێو ماڵ و تۆیۆتا کامری و نیسان سەنی و کرێی گەراج و کرێی عیادە بڕیار دەدەن لە دیاریکردنی دەرمان. 

زۆرن دەڵێن پزیشک مافی خۆیەتی بزنس بکات، منیش هەر وا دەڵێم، بەڵام هەرگیز پزیشک مافی ئەوەی نییە بەرتیل وەربگرێت، پێناسەی بەرتیلیش خۆ ئاشکرایە، وەرگرتنی شتێکە لە پێناو کردنی شتێکدا. 

زۆرن دەڵێن پزیشک و دەرمانخانەکان، یان تاقیگەکان برابەشن، لە راستیدا من ئەوەم پێ ئاساییە، لەبەر ئەوەی یاساییە، ئەگەرنا لە رووی کولتوور و مرۆڤایەتی و بەهای بەرزی زانستی پزیشکی و گەورەیی پەیامەکەیەوە هەرگیز جوان نییە، بەڵام پزیشک مافی خۆیەتی ئاپارتمانێکی هەبێت، لە نێو بیناکەشدا، تاقیگە و دەرمانخانەی هەبن، بەڵام بەدڕەوشتی ئەوەیە پزیشک لە پێناوی فرۆشتنی دەرمانی نێو دەرمانخانەکەیدا دەرمانی ناپێویست بنووسێ، هەروەها پشکنینی ناپێویست بە نەخۆشەکانی بکات بۆ دۆزینەوەی کار بۆ تاقیگەکەی. 

بیستم گوتیان خاوەن تەلارێک، ئۆتۆمبێلێکی کامری بۆ پزیشکێک بە دیاری کڕیوە بۆئەوەی نۆڕینگەکەی لەنێو تەلارەکەی ئەوە بکاتەوە، لە راستیدا من زۆر لام نائاسایی نەبوو ، لەبەر یەک هۆکار، ئەویش ئەوەیە لەو نێوەندەدا نەخۆش یان هاونیشتمانی زیان ناکات، پزیشکەکە شوێنکارێکی دەستدەکەوێت و خاوەن تەلارەکەش، کار بۆ شوێنێکی تەلارەکەی دەدۆزێتەوە، بەڵام وەرگرتنی بەرتیل و بەخشیش لە پێناوی نووسینی دەرماندا، گەورەترین زەرەرمەند تێیدا نەخۆشە. 

کۆمپانیاکانی دەرمان راهێنانی تایبەت بە نوێنەرەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی فێری چۆنێتی رێککەوتنیان بکەن لەگەڵ پزیشکاندا، پزیشکانیش پێش هاتن یان بینینی نوێنەرەکان، مورادی دڵی خۆیان ئامادە کردووە، گەشتێک بێت بۆ مانگی هەنگوینی، یان بینینی وڵاتێک بێت کە نەیبینیوە لە وەرزی پاییزدا، یان لاپتۆپێک بێت، یان هەر نەبوو مۆبایلێکی ئایفۆن، بەڵام شەش ئێسەکەی کە هات. 

نوێنەرێک گوتی ئەو کاتانەی کۆمپانیا ئایفۆن و ئایپاد و سەفەر دابین دەکات، رێژەی فرۆشتنمان دەفڕێت. 
هەموو پزیشکان نین بەرتیل دەخۆن، هەندێکیان پشت بە زانستی خۆیان و توێژینەوەکان دەبەستن بۆ بڕیاردان لەسەر جۆر یان کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمان، هەندێکیان ئامادە نین نوێنەری کۆمپانیاکانی دەرمان هەر ببینن، هەندێکیشیان دەیانبینن و داوای بەرتیل ناکەن. 

کاری پزیشک پێش ئەوەی بزنس بێت، کارێکی مرۆڤانەیە، رەوشت و زانست لە بواری پزیشکیدا، هەرگیز بوار بە وەرگرتنی بەرتیل نادات، تاکە پێوەر بۆ دیاریکردنی دەرمان، تەنها و تەنها زانستە. 

هاونیشتمانی بەڕێز، گۆڕینی کۆمپانیای دەرمان مافی خۆتە، هەرگیز دوودڵ مەبە لە گۆڕینی، کاتێک دەڕۆیتە دەرمانخانەکان و رەچەتەی پزیشکت پێیە، داوای زانیاری بکە لەسەر باشترین کۆمپانیا و باشترین نرخ کە لەگەڵ ژیان و گوزەرانتدا دەگونجێت.