منداڵی خانمانی قەڵەو تەمەنیان كورتترە
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە قەڵەوی دایكان وادەكات منداڵەكانیان لە داهاتوو تەمەنیان كورتتربێ، بە جۆرێك هەر یەك نمرە زۆربوونێك لە هاوكۆلكەی بارستایی جەستەیان، ساڵ و نیوێك لە تەمەنی منداڵەكەیان كەمدەكاتەوە.
توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە تاكو هاوكۆلكەی بارستایی جەستەی خانمێك زۆرتربێ، تێلۆمەری كرۆمۆسۆمی كۆرپەكانیان كورتتردەبێ و ئەوەش تەمەنكورتی منداڵەكەی لێدەكەوێتەوە.
توێژەرەكان لە وڵاتی بەلجیكاوە بوون و لێكۆڵینەوەیان كرد لەبارەی پەیوەندی نێوان درێژی تێلۆمەری كرۆمۆسۆمەكانی منداڵ و كێشی دایكی منداڵەكە.
توێژینەوەكە، كە لە جۆرناڵی BMC Medicine بڵاوبووەتەوە و رۆژنامەی دەیلی ئێكسپریس ئاماژەیپێكردووە، دەڵێ ئەگەر خانمان خوازیاری تەمەنێكی درێژن بۆ مندالانیان لە داهاتوو، با سەرەتا كێشی خۆیان داببەزێنن.
توێژەرەكان گوتوویانە دوای دورخستنەوەی هۆكارەكانی دیكەی كورتی تێلۆمەری منداڵان، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی تاكو كێشی دایكێك زۆرتر بێ لە ئاسایی، تێلۆمەری كرۆمۆسۆمی خانەكانی منداڵانیان كورتتردەبێ.
هاوكۆلكەی بارستایی جەستە چییە؟
هاوكۆلكەی بارستایی جەستە كە بە كورتی بە (BMI) نێودەبرێ، هاوكێشەیەكی ئاسانە كە بەهۆیەوە دەتوانی بزانی تۆ كێشی لەشت كەمە، ئاساییە، كێشت لە ئاسایی زیاترە، قەڵەوی یاخود قەڵەوی مەترسیدارت هەیە.
هاوكۆلكەی بارستایی جەستە بەوە هەژماردەكرێ كە كێشی جەستەت دابەشی درێژی باڵات بە مەتر دووجا بكەی، ئەو ژمارەیەی بۆت دەردەچێ دیاریدەكات كە كێشی تۆ تا چەندە ئاساییە.
بەپێی پێناسەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی هاوكۆلكەی بارستایی جەستەی 20 ئاسایی، 25 كێش زۆر و 30 قەڵەوە. ئەو هاوكێشەیە بۆ پیاوان و خانمانی پێگەیشتوو بەكاردێت و رێكخراوی تەندروستی جیهانی وەك پێوەرێكی دانپێدانراو ناساندوویەتی.
تێلۆمەر چییە؟
تێلۆمەر بەرگێكی پارێزەرە لە بەشی كۆتایی كرۆمۆسۆمەكاندا و DNA ی خانەكان لە تێكچوون دەپارێزێت. لەگەڵ چوونە تەمەن و دابەشبوونەوەی چەند بارەی خانەكاندا، كورتیی ئەم تێلۆمەرانە كەمدەبێتەوە. واتا هەتا تێلۆمەرەكان كورتتر بن، تەمەنیش كورتتر دەبێت.