پسپۆڕێكی خۆراک: نانی تیری و هەورامی گرفتەکانی هەرس کەمدەکەنەوە
رووداو-سلێمانی
پسپۆڕێكی خۆراک لە سلێمانیی رایدەگەیینێت، باشترین نان بۆ دووربوون لە گرفتەکانی هەرس، نانی تیری و نانی هەورامین. نان هەر جۆرێك بێ، لەڕووی پێکهاتە بنچینەییەکانەوە هاوشێوەن، بۆیە باشترە کەمترین بڕیان لێبخورێت.
هەموومان رۆژانە نان دەخۆین، بەڵام کامیان تەندروستترە، ئایا نانی تیری، نانی فڕن یان سەموون بخۆین؟. پسپۆڕێكی خۆراک لە سلێمانی روونیدەکاتەوە پێکهاتەی بنچینەیی زۆربەی جۆری نانەکان هەمان شتە، بەڵام ئەوەی جیایان دەکاتەوە زیادکردن و کەمکردنی سۆدە و خوێی نێویەتی.
د. بینایی کامەران، پسپۆڕەکەی خۆراک لە سلێمانییەوە دەڵێت، نانی فڕن و نانەواخانەکان هۆکاری تێكچوونی هەرس و زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆڵۆنە. روونیدەکاتەوە کە بەمەبەستی خێرا هەڵهاتنی نانەکە، بڕێكی زۆر لە سۆدە و خوێ دەکرێتە نێو هەویرەکە، بەمەش ترشی گەدە کەمدەبێتەوە و چەندین گرفتی تەندروستی دروستدەکات.
پسپۆڕەکەی خۆراک لەنێو جۆرە جیاوازەکانی نان، نانی تیری و هەورامی بە تەندروست ناودەبات، ئەمەش چونکە هیچ بڕێکی سودەیان تێدانییە و بۆ ریخۆڵەکان تەندروستن، دەشڵێت بۆ ئەوانەی کێشەی هەرسیان هەیە وەک تەندروسترین بژاردە نانی تیری و نانی هەورامی هەڵبژێرن.
د.بینایی کامەران سەبارەت بە زیانەکانی زۆر خواردنی نان دەڵێت، زیاتر لە ژەمێک خواردنی نان دەبێتەهۆی ئەوەی کەسەکە زوو زوو هەست بە برسییەتی بکات ئەمەش سەردەکێشێت بۆ قەڵەوبوون و تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکە.
پسپۆڕەکەی خۆراک رێنماییدەدات ئەگەر نانەکەت هەرجۆرێک بێت باشترە کەمترین بڕی لێبخورێت چونکە پێکهاتەی بنچینەیی هەموو جۆرەکانی نان وەکو یەکە.