چەند رێنماییەکی سادەی خۆراکیی بۆ سەیران


رووداو-سلێمانی

چوونە دەرەوە بۆ سەیرانی دەشتودەر، هەم زیادبوونی چالاکیی جەستەیی و هەڵمژینی هەوای خاوێنە، لەڕووی دەروونیشەوە چێژبەخش و دوورکەوتنەوەیە لە گۆشەگیری.


رێکخستنی ژەمە خۆراکەکانی سەیران بەشێوەیەکی تەندروستانە، سوودە تەندروستییەکانی سەیران زیاتریش دەکات، کە ئەمانە هەندێکیانن:

1-میوە و سەوزەی رەنگاورەنگی سرووشت:
وەرزی سەیران، وەرزی بەردەستیی چەندین جۆر میوە و سەوزەی رەنگاوڕەنگ و فرێشە، هەوڵبدە زۆربەی رەنگەکان بۆ گەشتەکەت کۆبکەیتەوە، هەر رەنگێکی سرووشتیی خۆراک، کاریگەریی ئەرێنیی خۆی هەیە بۆ سەر تەندروستیی جەستە، ئەوەش بەپێچەوانەی رەنگە دەستکردەکانی شەربەت و خۆراکە دەستکرد و شیرینکراوەکان.

2-سفرەیەکی جیاواز:
خودی سەیران جیاوازییە لە رۆژانی دیکە، بۆیە سفرەکەشت با جیاواز بێ و وەکوو زۆربەی خەڵکیی پڕ نەبێ لە گۆشت و مریشکی سوورەوەکراو کە پڕن لە کالۆری و رێگە بۆ قەڵەوی خۆشدەکەن، بەڵکوو گۆشتی بێ چەوریی هاوڕێ لەگەڵ بڕێکی زۆری سەوزەی جۆراوجۆر تێکەڵ بکە، هەم کالۆرییەکە کەمدەکەیتەوە هەم تامێکی جیاوازتر و رازاندنەوەیەکی خوازراوتری سفرەت دەستدەکەوێ.

3-زەڵاتەیەکی جیاواز:
مایۆنیز و چەورییەکانی دیکە لە زەڵاتەکەت بەدوورخە، ئەوانە هەم کالۆرییەکەی زۆرتر دەکەن، هەم ژینگەیەکی لەبارتر دەڕەخسێنن بۆ گەشەی بەکتریاکان لە کەشی سەیراندا کە بەفرگری لێ نییە و خۆراکیش لە پلەی گەرمتر دەمێنێتەوە.

4-پاقلەمەنی و دانەوێڵەکان لەبیرمەکە:
لەبری ئەو هەموو نیشاستەیەی دەکرێتە زەلاتە و ژەمە جیاوازەکان، پشت ببەستە بە پاقلەمەنی و دانەوێڵەکان کە پڕن لە رەگەز و ریشاڵی خۆراکیی.

5-خواردنەوەی تەندروست:
ئاو تەندروستانەترین خواردنەوەیە، پاش ئەو پشت ببەستە بە شەربەتی سرووشتی کە خۆت لە میوەکان ئامادەیان دەکەی، نەوەک کۆلا و شەربەتی دەستکرد و کحول کە پڕن لە کالۆری و هەژارن لە رەگەزی خۆراکیدا.

چۆن خۆراکەکانمان هەڵبگرین؟


زانکۆی ویلایەتی میشیگان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنذێک رێنمایی دیاریکردوون بۆ هێشتنەوەی خۆراکەکانمان بە تەندروستی و سەلامەتی لەکاتی ئەنجامدانی سەیران و گەشتەکان، کە ئەمانەن:

1-هێلکە، شیر، گۆشت و ماسی و چێشتی ئامادەکراو:
دەبێ لە پلەی گەرمی خوار پێنج پلەی سێڵزی دابنرێن. چونکە لە سەروو ئەو پلەیەوە ژینگەیەکی دڵخواز بۆ میکرۆبە نەخۆشخەرەکان دەڕەخسێ و ئەگەری ئەوە زیاددەکەن تووشی ژەهراویبوون بە خواردن ببین. باشترە گەرمی پێوی خۆراک لەگەڵ خۆت هەڵبگریت و ماوە ماوە چێکی پلەی گەرمی خۆراکەکانت بکەی.

2-خۆراکی ئامادەکراو و بەرهەمە ئاژەڵییەکان لە سندوقی پڕ سەهۆڵ هەڵبگرە، پارچە سەهۆڵی ورد لەنێو سندوقەکە بن تاکو هەموو لایەکانی خۆراکەکان دابپۆشن و بە ساردی بیهيڵنەوە.

3-سەهۆڵی نێو سندوقی هەڵگرتنی خۆراک جیا دابنێ لەو سەهۆڵەی بۆ فێنککردنەوەی خواردنەوەکان بەکاریان دێنی، چونکە ئاوی نێو خۆراکەکان دزەدەکاتە نێو سەهۆڵەکە و ناکرێ هەمان سەهۆڵ بکەیتە نێو هەر خواردن و خواردنەوەیەکی ئامادەکراو.

4-هەندێک خۆراک پێویست ناکات خەم لە سارد هێشتنەوەیان بخۆی؛ وەکوو: پەتاتەی کاڵ، پیاز، سێو و پرتەقاڵ و هاوپۆلەکانیان.

5-خواردنی وشککراوە و لەقوتونراو هیچ رێوشوێنێکی تایبەتی هەڵگرتنیان ناوێ