بۆ ئەوەی سەیران ببێتە هۆى تەندروستى و حەوانەوە
خەڵکى ئەم سەردەمە شتەکان لە جوانى و حیکمەتیان دادەبڕن. سەیرانیشمان وا لێکردووە، بۆیە زۆر جار کە دێینەوە، لەبرى حەوانەوە، هەست دەکەین مێشکمان ماندووتر بووە.
- گەورەترین و باوترین هەڵەیەک دەیکەین ئەوەیە کە هەر لە کەنارى رێ لادەدەین، بەمەش ژەوەژاو و دووکەڵی دونیا دەچێت بەسەرماندا. وا باشە لە رێگەکان زۆر دوور بکەوینەوە، تا چاومان بە سەوزاییی سروشت رابێتەوە و هەواى ساف و سازگاریش هەڵبمژین.
- بە زۆرى وا باوە کە لە سەیراندا تکە و کەباب لێدەدرێن. دەبێت ئاگامان لەوە بێت کە نابێت رۆژانە 170 گرام زیاتر گۆشت بخورێت، واتە بە شەش کەس کیلۆیەک.
- سەیران چ پێویستى بە مێز و کورسی و ... هتد هەیە؟! ئەسڵ وایە بەهۆى سەیرانەوە شێوازى ژیانى گوند بگوازرێتەوە شار نەک هى شار بگوازرێتەوە گوند! ئینجا دانیشتن لەسەر ئەرز ئەو سوودەى هەیە کە بەهۆى دروست بوونى فشار لەسەر سک، رێگرە لە بەردەم زۆر خواردن.
- تاکو دەکرێت خۆتان لە قاپ و قاچاغى سەفەرى بەدوور بگرن، چونکە ماددەى شێرپەنجەخەرەوەیان تێدایە.
- پێشان خەڵکى بەسەر گرد و چیا دەکەوتن، کۆلارەیان بۆ منداڵان هەڵدەدا، ریشە و تۆپانێ و ...هتدیان دەکرد، وەلێ ئێستا لە جێوە نابزوون و خۆ بە ئامێرى ئەلیکترۆنییەوە خەریک دەکەن. بەتایبەت لەبەرئەوەى لە سەیراندا وا باوە زۆر دەخورێت، وا باشە جووڵە زۆر بکرێت.
- خواردنى ئێوارە هەر ئێوارە ئامادە بکرێت نەک لە نیوەڕۆوە، چونکە کەش کەمێک رووى لە گەرمى کردووە و زۆر جار کەرستەى داپۆشەرى پێویستیش لەبەردەست نییە، بۆیە هێشتنەوەى خواردن ئەگەرى ژەهراوى بوونى خۆراک زیاد دەکات.
- ئەوانەى نەخۆشیی هەستەوەریی وەک (رەبوو)یان هەیە، بەهۆى ئەوەى لەم وەرزەدا دەنکە هەڵاڵە -کە یەکێکە لە کاریگەرترین ماددە هەستەوەرى دروستکەرەکان- زۆرە، وا باشە خۆ دەمامک بدەن.
- لەبەرئەوەى لاى ئێمە تیشکى خۆر بەتینە، وا باشە کرێمى دژەخۆر لە کاتەکانى دەورى نیوەڕۆ بەکاربهێنرێت. بیرتان بێت کە ئەو کرێمانە هەر دەورى دوو کاژێرێک کار دەکەن، دواى ئەوە دەبێت دووبارە لەخۆ بدرێنەوە.
- خۆڵ پێگەى بەکتریاى دەردەکۆپان (گوزاز)ە، بۆیە ئەگەر شووشە و بزمارى ناو خۆڵ چوو بە پێتاندا، زوو خۆتان بگەیەننە نەخۆشخانە. رەنگە پێویستتان بە وەرگرتنى دەرزیی دژى ئەو بەکتریایە ببێت.
- لەم رۆژگارەدا باوترین هۆى نەوت خواردنەوەى منداڵان ئەوەیە کە دایک و باوکانیان بۆ سەیران نەوت دەکەنە بوتڵى ئاوى (موقەتتەر)ەوە، ئەوانیش وا دەزانن ئاوە و دەیخۆنەوە! بۆیە بە هیچ جۆرێک ئەو هەڵەیە مەکەن.
- بە بەهاران کەش زوو دەگۆڕێت، سەیرى ئەوە مەکەن بەیانییەکەى ساماڵە، رەنگە نیوەڕۆکەى ببێت بە بارانى شەستى، بۆیە جلی باش و گەرم لەگەڵ خۆتاندا ببەن.
*خوێندکاری دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناو و شارەزا لە زانستی خۆراک