چۆن دەتوانی خۆت لە نەشتەرگەریی مایەسیری بپارێزی؟
رووداو- سلێمانی
کارزان سێ ساڵی تەواوە بەدەست مایەسیرییەوە دەناڵێنێ، ئەو ئێستاش ئەو ساتەی لەبیرە کە ترسێکی گەورە لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بووە میوانی "کە بینیم پیساییەکەم خوێنی پێوەیە، زۆر شڵەژام، ترسام تووشی شێرپەنجە بووبم، بۆیە بە پەلە خۆم گەیاندە تاقیگەیەکى شیکردنەوەى نەخۆشییەکان".
هەرچەند هەر ئەو رۆژە دڵنیاکرایەوە کە نەخۆشیی ترسناکی نییە و تووشى مایەسیرى بووە، بەڵام لەو رۆژەوە کارزان لەگەڵ ئازار و خوێنی مایەسیری لەلایەک و شەرم و ترسی ئاشکرابوونەکەی لەلایەکی دیکە دەژی.
ساڵێکی تەواو نیشانەکان بەردەوام بوون و کارزان ئامادە نەبوو سەردانی پزیشک بکات، دواتر کە حاڵەتەکە پەرەی سەند و تەواو بێزاری کرد، بە ناچاری سەردانی پزیشکی کرد "سەرەتا هەندێک دەرمانی پێدام، دواى سێ مانگ گوتى دەبێ نەشتەرگەرى بکەى، بەڵام ئیدی نەچوومەوە".
مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی بۆرییەکانی خوێن لە کۆتایی ریخۆڵە ئەستوورە و رێکەدا، ئەم بەشە بە بەشێکی دەوڵەمەند بە بۆڕیی خوێن دەناسرێت، ئەو بۆڕییانەش پاڵپشتی ماسولکەکان دەکەن، ئەوەش بە مەبەستی داخستن و کردنەوەی کۆم.
مایەسیری لەلایەنی پزیشکییەوە لەو ساتەوە دەستپێدەکات کە خوێنهێنەرەکان، خوێن تێیاندا پەنگدەخواتەوە و بەشێوەیەکی ئاسایی تەوژمی خوێن بەناویاندا تێپەڕ نابێت.
د.فایەق گوڵپى، پسپۆڕى نەشتەرگەریى گشتی و کۆئەندامى هەرس دەڵێت: "مایەسیرى چوار قۆناغی هەیە، لە قۆناغی یەکەمدا کەسەکە تەنیا خوێن دادەنێ لەڕێگەی کۆمەوە. لە قۆناغی دووەمدا هەندێک لە مایەسیرییەکە لەکاتی پیساییکردن دێتە خوارەوە، بەڵام خۆی دەگەڕێتەوە، لە قۆناغی سێیەمدا مایەسیرییەکە دێتە خوارەوە و دەبێ کەسەکە خۆی بە دەست بیباتەوە ناوەوە، لە قۆناغی چوارەمدا بەدەستیش ناچێتەوە ناوەوە و هەر لە دەرەوە شۆڕ دەبێتەوە".
بەگوتەى د.فایەق کە پشتى بە توێژینەوەکان بەستووە: "لە وڵاتانی پێشکەوتوو نیوەی خەڵکی تووشی مایەسیری دەبن، بەڵام چونکە هەر لە سەرەتاوە راوێژ بە پزیشک دەکەن، تووشى گرفت نابن، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خەڵکی تەنیا کاتێک سەردانی پزیشک دەکەن کە مایەسیرییەکەیان گەیشتووەتە قۆناغی سێ و چوار و لەو بارەشدا دەبێ نەشتەرگەری بکەن".
کەم جوڵان، خواردنى شیرین و چەور و گۆشت بە راددەیەکى زۆر، پشتکردنە سەوزە و میوە و دانەوێڵەکان، بوونەتە هۆی ئەوەی مایەسیرى لە جاران بەربڵاوتر بێ.
پزیشکە پسپۆڕەکەی کۆئەندامی هەرس دەڵێ بۆ دووربوون لە مایەسیری دەبێ خۆراکێکی هاوسەنگ و پڕ ریشاڵی خۆراکیتان هەبێ و زۆریش بجووڵێن.
ئەوانەی زوو بەدەم نەخۆشییەکەیانەوە دەچن، دوورتر دەبن لە نەشتەری پزیشک و ئاسانتر چارەسەر دەکرێن.
د. هەرمان سابیر نانەکەلی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە هەولێر دەڵێت "لە قۆناغی یەک و دوودا داوایان لێدەکەین شێوازی ژیان بگۆڕن و لە قەبزى دووربن، بەڵام لە قۆناغی سێ و چواردا ناچارین نەشتەرگەرییان بۆ بکەین".
هەموو قۆناغەکانی چارەسەری مایەسیری، دەبێ هاوکات بێ لەگەڵ چارەسەری قەبزی. چونکە قەبزی هەم هۆکارێکی تووشبوونە بە مایەسیری، هەم ئەوانەش کە چارسەر دەکرێن، ئەگەر قەبزییەکەیان بەردەوام بێ، ئەوە جارێکی دیکە تووش دەبنەوە.
قەبزی گرفتی ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکە، دەکرێ کورتخایەن یان درێژخایەن بێت. بەگوێرەی ئامارەکان 27%ی ئەمریکییەکەکان بەدەست قەبزییەوە دەناڵێنن و تووشبووان زیاتر خانمان و پیاوانی تەمەن 65 ساڵ و سەرووترن. لەگەڵ ئەوەی کەم بەکارهێنانی ریشاڵە خۆراکییەکان رێگا خۆشدەکات بۆ قەبزبوون، حاڵەتی قەبزی دەکرێ چەندین هۆکاری هەبێت، وەکو: تەمبەڵیی رژێنی دەرەقی، شەکرە، کاریگەریی نەخوازراوی دەرمانی پزیشکی. لە حاڵەتی دەگمەنیشدا لەوانەیە نیشانەی شێرپەنجەی کۆڵۆن بێت. بۆیە گرنگە ئەگەر تووشی قەبزی بوویت و بە زیادکردنی ریشاڵە خۆراکییەکان و شلەمەنییەکان لە خۆراکدا و وەرزشی رۆژانە باش نەبووی، سەردانی پزیشک بکەی.
خوێنى پیسایى مایەسیرییە یان شێرپەنجە؟
هەریەکە لە شێرپەنجەی ریخۆڵە، هەوکردنی درێژخایەنی کۆڵۆن، مایەسیری، قڵیشانی کۆم و دوومەڵی کۆم، هەندێکجار خوێن لە پیسایی دروستدەکەن.
پزیشکەکان دەڵێن پێویستە هەر کەسێک هەستی بە ئازار و خوێن کرد لەکاتی پیساییکردن، سەردانی پزیشک بکات بۆ یەکلاکردنەوەی هۆکارەکەی.
د.فایەق گوڵپی دەڵێ "خوێنی مایەسیری تەواو لەگەڵ پیساییەکە تێکەڵ نییە، خوێنێکی گەشە و لە کۆتایی پیساییکردنەکە دادەبەزێ، بەڵام خوێنی شێرپەنجە لەگەڵ پیساییەکە تێکەڵە و بڕەکەی زۆرترە و گەش نییە".
رێنمایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مایەسیری
پێگەی دۆیچەڤیللەی ئەڵمانی لە زاری پسپۆڕانەوە دەڵێ ئەگەر تووشی مایەسیری بوویت، ئەم رێنماییانە سوودت پێدەگەیێنن، ئەگەر تووشیش نەبووی ئەوە هەندێکیان ئەگەری تووشبوونت کەمدەکەنەوە:
1- جووڵە و چالاکی: چونکە کەم جووڵان دەبێتە هۆی تەمبەڵیی ریخۆڵەکان و دروستبوونی قەبزی و قەڵەوی.
2- ریشاڵە خۆراکییەکان بخۆ: سەوزە، میوە، پاقلەمەنییەکان و دانەوێڵەکان دەبنە هۆی چالاککردنی پرۆسەی هەرس و دووربوون لە قەبزی و مایەسیری.
3- لە کحوول دووربە: خواردنەوە کحولییەکان دەبنە هۆی هەڵاوسانی بۆرییەکانی خوێن لە رێکە و کۆم، ئەوەش خودی مایەسیرییە.
4- ئاو زۆر بخۆرەوە: ئاو یارمەتی هەرس دەدات و کردنەدەرەوەی پیسایی لە ریخۆڵەوە خێرا دەکات، ئەوەش قەبزی و سەرەنجام مایەسیری کەمدەکاتەوە.
5- زێدەڕۆیی مەکە لە خواردنی بەهارات: بەهارات سوودی تەندروستی زۆرن، بەڵام لەوانەی مایەسیرییان هەیە، سووتانەوەیەکی زۆر لە کۆم و لە شوێنی مایەسیرییەکە دروستدەکات.
6- کلینیکسی تەڕ بەکارمەهێنە: بەکارهێنانی کلینیکسی تەڕ دەبێتە هۆی کزانەوە و خرۆشان لە کۆم و لە شوێنی مایەسیرییەکە.
7- هەموو قەبزییەک بە دەرمان چارەسەر مەکە: حاڵەتەکانی قەبزیی سادە دەکرێت بە خواردنی میوە وشککراوەکان، رەگی کەتان و خواردنەوەی ئاو و جووڵە چارەسەربکرێن.
8- بەروبوومی ئاژەڵ کەم بکەرەوە:
بەروبوومە ئاژەڵییەکان بە چەوری دەوڵەمەندن کە زۆر لە کۆئەندامی هەرسدا دەمێنێتەوە و چالاکی ریخۆڵەکان کەمدەکاتەوە و قەبزیی دروست دەکات.
9- ماوە ماوە پزیشک ببینە:
ئەگەر یەکەمجارە تووشی مایەسیری ببی، یان پیساییەکەت خوێنی زۆرتری پێوەیە، یاخود خوران و ئازارت زیادی کردووە، سەردانی پزیشک بکە.