ساڵی رابردوو 10 ملیۆن کەس تووشی سیل بوون
رووداو-سلێمانی
راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ ساڵی رابردوو 10 ملیۆن حاڵەتی سیل تۆمارکراون و جیهان هێشتا رێگایەکی دووری لە پێشە بۆ کۆتاییهێنان بەو نەخۆشییە گوازراوەیە.
ساڵی 2016ش هەمان ئەو رێکخراوەی سەر بە یو ئێن ئاشکرای کرد کە سیل یەکێکە لە 10 هۆکارە سەرەکییەکەی مردن لە جیهاندا، ساڵی رابردووش ملیۆنێک و 600 هەزار کەس بە سیل مردوون.
ژمارەی ئەو حاڵەتانەی بە فەرمی لەلای رێكخراوی تەندروستی جیهانیی تۆمارکراون 6 ملیۆن و 400 هەزار کەسن، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوەکە کۆی حاڵەتەکان 10 ملیۆنن، چونکە ژمارەیەکی بەرچاویان لە تۆمارە فەرمییەکان وندەبن.
دوو لە سێی هەموو حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە هەشت وڵاتدا بوون کە بریتی بوون لە؛ هیندستان، چین، ئیندۆنیزیا، فلیپین، پاکستان، نێجیریا، بەنگلادیش و باشووری ئەفریقا.
وڵاتە دەوڵەمەندەکانیش کەمترین حاڵەتیان بەرکەوتووە، بەجۆرێک تووشبووانی سیل لە کیشوەرەکانی ئەورووپا و هەردوو ئەمریکا تەنیا 6%ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن.
بڕیارە 26ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەگكرتووەکان کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرز رێکبخات بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بە سیل، بەتایبەت کە ئێستا هاتوچۆی نێوان وڵاتان زۆر بووە و بە خێرایی حاڵەتەکان لە سەرتاسەری جیهان بڵاودەبنەوە، هەروەها بەشێک لە حاڵەتەکانیش بەرگرییان پەیداکردووە بەرامبەر دەرمانەکانی دژی بەکتریای تووشکەری سیل.