ژمارەی خاڵ لەسەر جەستە، پەیوەندی بە شیرپەنجەی پێستەوە هەیە

رووداو-بی بی سی

توێژینەوەیەكی نوێ دەڵێت ئەوانەی 11 خاڵ و زیاتر لە قۆڵیاندا هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاترە.

توێژینەوەكە دەڵێت ژماردنی خاڵەكانی سەر قۆڵی راست رێنیشاندەرێكی باشە بۆ تێگەیشتن لە كۆی ژمارەی خاڵەكانی جەستە، ئەوان دەڵێن ئەو كەسانەی 11 خاڵ لەسەر قۆلیان هەیە، بەو مانایە دێت 100 خاڵ لەسەر كۆی جەستەیان هەیە و بەوەش پێنج ئەوەندەی خەڵكی دیكە زیاتر تووشی شیرپەنجەی پێست دەبن.

توێژینەوە نوییەكە لەسەر 3000 منداڵی دوانە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە و ئەنجامەكەشی لە جۆرناڵی زانستی British Journal of Dermatology دا بڵاوبووەتەوە.

توێژەرەكان گوتویانە هەبوونی خاڵی زۆر لەسەر جەستە، یارمەتیدەردەبێت بۆ پزیشكان تاكو زووتر و ئاسانتر دەستنیشانی میلانۆمای پێست بكەن، ئەو شیرپەنجەیەی ساڵانە 13000 كەس لە بەریتانیا تووشی دەبن.

خاڵە نائاساییەكان، زۆرترین ئەگەری گۆڕانیان هەیە بۆ شێرپەنجەی میلانۆما.

توێژەرەكان بۆماوەی 8 ساڵی تەواو لە توێژینەوەدابوون دەربارەی هەبوونی پەیوەندی نێوان جۆری پێست، خاڵ لەسەر پێست و چەند خاسیەتێكی دیكەی پێست.

دواتر دەركەوت هەبوونی خاڵی زۆرتر لەسەر پێست، ئەگەری تووشبوون بە شیرپەنجەی پێست زیاددەكات.