دەبێت پێڵاوی پاژنە بەرز کەی و چۆن لەپێ بکرێت
رووداو-ئاژانسەكان
پێڵاوی بەرز ئارەزووی زۆربەی خانمانە و بە گرنگترین بەشی خۆ رازاندنەوەی دادەنێن، خانمان دەڵێن پێڵاوی پاژنە بەرز دەتوانێت هەموو جلێک جوان پیشان بدات.
بەڵام بێگوومان ئەم جوانییە بە بێ بەرامبەر نییە و زیانی پێڵاوی بەرز لە جەستە دەردەکەوێت.
پزیشکانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا لە دوایین توێژینەوەیاندا باس لە زیانەکانی پێڵاوی پاژنە بەرز دەکەن و دەڵێن پێڵاوی بەرز فشاری زۆر دەخاتە سەر ماسولکەکان و زۆرجاریش زیانی هەمیشەییان پێدەگەیەنێت.
بەکارهێنانی ئەم جۆرە پێڵاوانە بەشێوەیەکی بەردەوام دەبێتە هۆی پشت ئێشە و فشار لەسەر جومگەکانی ئەژنۆ.
پزیشکان دەڵێن زۆر بەکارهێنانی ئەم جۆرە پێڵاوانە دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی جەستە لە کاتی رۆیشتندا ، پێڵاوی پاژنە بەرز کاریگەری خراپی لەسەر ماسولکەکانی قاچ هەیە.
بەپێی پزیشکان پێویستە پێڵاوە پاژنە بەرزەکان، شوێنی پەنجەکانی فراوان بێت و فشار لە پەنجەکان نەکات، هەروەها دەبێت لە پێکردنی ئەم پێڵاوانە تەنها بۆ بۆنەکان بێت تاکو پێیەکان بەدوور بن لە زیانەکانی ئەم پێڵاوانە.