لە ئەمریكا پۆرنۆگرافی وەك "هەڕەشە بۆسەر تەندروستی گشتی" ناسێندرا

رووداو-رۆیتەرز

ویلایەتی یوتای ئەمریكا سێشەممە 19ی نیسان بابەتی پۆرنۆگرافی وەك هەڕەشە بۆسەر تەندروستی گشتی ناساند و داوایشی لە شارەزایانی كۆمپیوتەر كرد لە كۆمپیوتەری هەركەسێكدا وێنە و بابەتی وروژێنەری سێكسی منداڵانیان بینی، پەیوەندیدارانی لێ ئاگادار بكەنەوە. پرۆژە یاساكە لەلایەن كۆمارییەكانەوە ئامادەكراوە، كەنیسەیش پشتیوانیی بۆ یاسا نوێیەكە راگەیاندووە.

یاسا نوێیەكە دەڵێ پۆرنۆگرافی وەكوو پەتایەك بەنێو خەڵكی بڵاوبووەتەوە و بووەتەهۆی ئاساییكردنەوەی توندوتیژی لەدژی خانمان و منداڵان و وایش لە پیاوان دەكات كەمتر بیر لە هاوسەرگیری بكەنەوە.

پشتیوانانی یاساكە: لە چەندین رووەوە بەسوودە




یاساكە پرۆژەی كۆمارییەكانە و دوێنێ سێشەممە لەلایەن حاكمی ویلایەتی یوتا، گاری هێربەرت، واژوو كرا كە سەر بە پارتی كۆمارییە، لەلایەن هاوبەندی یوتا دژی پۆرنۆگرافی و كەنیسەی مۆرمۆن پشتیوانی لێكرا.

لە رێوڕەسمی واژووكردنەكەدا گاری هێربەرت گوتی "پۆرنۆگۆافی كاری زۆری لە كۆمەڵگەكەمان كردووە، من دەمەوێ خێزانەكان و گەنجەكانمان بپارێزم".

پشتیوانانی یاسا نوێیەكە دەڵێن ئەو بڕیارەی ویلایەتی یوتا گرنگە بۆ بەگژداچوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ، ئالوودەبوون بە پۆرن و لاقەكردن.

یاساكە داوا لە پەیوەندیداران دەكات توێژینەوە لەسەر كاریگەرییەكانی پۆرنۆگرافی بكەن و لە پەروەردەدا زیانەكانی ئەو پرسە زۆرتر روونبكرێتەوە و هەوڵەكان چڕتربكرێنەوە بۆ رێگەگرتن لە بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی پۆرن. یاساكە پۆرنۆگرافی وەك "هەڕەشە بۆسەر تەندروستی گشتی" ناودەبات.

شارەزایانی كۆمپیوتەر رۆڵیان دەبێ




گاری هێربەرت یاسایەكیشی واژووكرد كە داوا لە شارەزایانی كۆمپیوتەر دەكات لە كۆمپیوتەری هەركەسێكدا بابەتی پۆرنی ئەوتۆیان بینی كە منداڵی تێدا بەكارهاتبوو، پەیوەندیدارانی لێ ئاگادار بكەنەوە، خۆ ئەگەر شارەزایانی كۆمپیوتەر ئەوەیان نەكرد ئەوە بە كەمتەرخەمی بۆیان هەژماردەكرێ.

جێنیفەر براون، چالاكڤانی دژی پۆرنۆگرافی، لە رێوڕەسمی واژووكردنی یاساكەدا گوتی پۆرنۆگرافی لەمپەر دەخاتە بەردەم گەشەی تەندورستانەی جەستە و دەروونی منداڵ و مێردمنداڵان و ئالوودەبوونیان تێدا درووستدەكات. بەڕێز براون وەها پێناسەی پۆرنۆگرافی كرد كە "ئیمپراتۆریەتی رووخاندنە لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی ماددی".


یاساكە بەرەی دژیشی هەن




لەلایەكی دیكەوە، هاوبەندی ئازادی رادەربڕین، كە رێكخراوی بەرهەمهێنەرەكانی بواری پۆرنۆگرافی و هاوشێوەكانیەتی، ناڕەزایی دەربڕی كە بابەتی پۆرن وەك "هەڕەشە بۆسەر تەندروستی گشتی" ناوهێندراوە و وەها پێناسەی ئەو دەربڕینەی كرد كە "یاسایەكی كۆنەپەرستانەی ئەخلاقییە و لەسەر بنەمای زانست دانەڕێژراوە".

مایك ستەیبڵ گوتەبێژی هاوبەندییەكە گوتی "دەبێ لە كۆمەڵگەیەكدا بژین كە راشكاوانە قسە لەسەر سێكس بكرێ، بەشێوەیەكی تێگەیشتووانە گەنگەشە بكرێ و وەك شوورەیی تەماشا نەكرێ".

بەڵام جێفری هۆڵاند لە كڵێسای مۆرمۆنەوە پۆرنۆگرافی بە تاعوونێك ناوزەد كردووە كە پێكهاتەی ئەخلاقی كۆمەڵگە تێك و پێك دەدات.

ساڵی 2009 توێژینەوەیەك دەریخستبوو ویلایەتی محافزكاری یوتا پێشەنگی ئەمریكایە لە كڕینی بەرهەمەكانی پۆرنۆگرافی بەپێی رێژەی تێچووی ئەو بەرهەمانە لە داهاتی تاكەكەسدا و ئەوەش ناڕەزایی چەند لایەنێكی ویلایەتەكەی لێكەوتبووەوە.