کەشوهەوای سارد و فێنک چۆن کار لە کێش دەکات؟


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی زانستی دەریخستووە کەشی سارد و فێنک باشترین کاتە بۆ دابەزاندنی کێش، چونکە لەو کەشەدا زۆرترین بڕی چەوری دەسووتێنرێ.


توێژەرانی نێوەندی پزیشکیی (سان فۆرد بورنهام پرێبی) لە ئەمریکا دەڵێن لە ماسولکەکاندا پێکهاتەیەکی پرۆتینی هەیە کە هانی ماسولکەکان دەدات وزەیەکی زیاتر دەربپەڕێنن.

پێکهاتە پرۆتینییەکە بە (سارکۆلیپین) ناسراوە، کە ترشێکی ئەمینییە و هانی ماسولکەکان دەدات وزەیەکی زیاتر بەرهەمبهێنن، ئەوەش یاریدەی سووتاندنی چەوریی دەدات.

توێژەرەکان گوتوویانە ئەم میکانیزمە جیاکەرەوەیەکی نەگۆڕی ماسولکەکانە و لەسەر حیسابی چەورییەکان دەبێتەهۆی بەرهەمهێنانی وزە و گەرمیی بۆ جەستە. بە بۆچوونی توێژەران تاوەکوو بڕ و رێژەی سارکۆلیپین لە جەستەدا زیاتربێ، ئەگەری قەڵەویی کەسەکە کەمدەکات.

سارکۆلیپین بە سرووشت لە کەشی سەرمادا چالاکترە، بەڵام توێژینەوەی پێشووتر دەریخستووە وەرزشکردن لە هەر وەرزێکدا بێت، ئەم ترشە ئەمینییە چالاکدەکات.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە سارکۆلیپین هانی وزەماڵە (مایتۆکۆندریا)کان دەدات بە بڕی زیاتر وزە بەرهەمبهێنن، ئەوەش پێویستی بە سووتاندنی بڕێکی زیاتری چەوری دەبێت.

لە شرۆڤەی توێژینەوەکەدا هاتووە کە ئەوانەی لە زستاندا زۆر لە ژوورەوە دەمێننەوە و خۆنادەنە بەر کەشوهەوای سارد، بڕی ترشە ئەمینی (سارکۆلیپین) لە جەستەدا کەمدەکاتەوە و تەگەرە دەخاتە بەردەم سووتاندنی چەوری.

توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی (سێڵ ریپۆرتس) بڵاوکراوەتەوە.