دانانی باج لەسەر خواردنەوە گازییەكان، قەڵەوی كەمدەكاتەوە
رووداو-ئیندیپێندنت
راپۆرتێكی بەریتانی دەڵێ دانانی باج لەسەر خواردنەوە شیرینكراوەكان وادەكات لە دەیەی داهاتوو 3.7 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە تووشی قەڵەوی نەبن.
بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە لەكاتێكدایە حكومەتی بەریتانیا بە نیازە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ستراتیژییەتی رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی لەو وڵاتە رابگەیێنێت.
هەردوو دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا و یانەی تەندروستی بەریتانی لە راپۆرتێكی نوێیاندا دەڵێن ئەگەر بەڕێژەی 20% باج لەسەر خواردنەوە شیرینكراوەكان زیادبكرێ ئەوە رێژەی قەڵەوی لە بەریتانیا و لە ساڵی 2025 بە راددەی 5% كەمدەكات.
وەك راپۆرتە هاوبەشەكەی ئەو دوو دامەزراوەیە روونیكردووەتەوە، كەمبوونەوەی 5%ی قەڵەوی لە بەریتانیا، ئەوە دەگەیێنێ كە 3.7 ملیۆن كەس لە قەڵەوبوون دەپارێزرێن.
جگە لەوە، دانانی ئەو بڕە لە باج لەسەر ئەو خواردنەوە شیرینكراوانە، ساڵی 2025 دەتوانێ 14.4 ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانی بگێرێتەوە.
لە بەریتانیا چەندین كەمپەینی جیاواز هەن كە داوا دەكەن باج لەسەر ئەو خواردنەوانە زیادبكرێ كە شەكری دەستكردیان تیادایە، بۆ ئەوەی رێژەی قەڵەوی لەنێو منداڵان و كەسانی پێگەیشتووی ئەو وڵاتە كەم ببێتەوە.
دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا پێشووتر داوایكردبوو رێكلامكردن بۆ خواردن و خواردنەوە پڕ وزەكان (شەربەتی دەستكرد، خواردنەوەی گازی، چپس و هاوشێوەكانیان) بۆ منداڵان سنووردار بكرێت لە تەلەڤزیۆنەكاندا.
قەڵەوی گرفتێكی بەرچاوی جیهانییە و رێگەخۆشكەرێكی دیارە بۆ شەكرە، قەڵەو، نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك.