بۆچی زۆربەی خانمان واز لە بەکارهێنانی حەبی مەنع دەهێنن


رووداو- ئاژانسەکان

بۆ کۆمەڵێك کەس، حەبی مەنع سوودی گرنگی هەن، حەبی مەنع جگە لە رێگریکردن لە منداڵبوونی بێ پلان، کەمکردنەوەی ئازار و نیشانەکانی کاتی سووڕی مانگانە، لاوازکردنی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان و هێلکەدان، بەڵام بۆ هەندێك کەس گرفت دروستدەکات و ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە زۆر کەس وازی لێدەهێنن. 

کوالێتی ژیان خراپ دەکات 
توێژەرانی زانکۆی کارۆلینسکا لە سووید توێژینەوەیەکیان لەسەر کاریگەری دەرمانی حەبی مەنع ئەنجامداوە و بۆیان دەرکەوتووە کە هەرچەندە خانمان سوود لە حەبەکە وەردەگرن، بەڵام لە هەندێ کەسیش کوالێتی ژیان خراپ دەکات، پزیشكە سوویدیەکان دەشڵێن رێژەی خراپبوونەکە زۆر نییە، بەڵام لە هەندێ خانمان بەرچاوە. 

توێژەرانی سووید توێژینەوەکەیان لەسەر 340 خانمی تەندروستی تەمەن نێوان 18-35 ساڵی کە تەمەنی زایەندییە ئەنجامداوە و لەکاریگەری بەکارهێنانی ئەو حەبانەی مەنعیان کۆڵیوەتەوە بە تایبەت ئەوانەی هەردوو ماددەی ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆنیان تێدابووە" کە باوترین دەرمانی مەنعن لە سووید، ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە". 

لە ئەنجامی توێژینەوە سوویدییەکە دەرکەوتووە کە رێژەی 44%ی ئەو خانمانەی کە حەبی مەنعیان بەکارهێناوە، لە ژیان ناڕازین و هەست بە خەمۆکی دەکەن، بەڵام ئەوانەی هیچیان بەکارنەهێناوە کەمترە و تەنیا 38%ە. 

گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان بەهۆی حەبەکانەوە هۆکارە بۆ خەمۆکی
سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە و پڕۆفیسۆری خانمان و منداڵان لە پەیمانگای کارۆلینسکا لە سووید، د. ئەنجێلیکا لیندێن دەڵێت هەرچەندە توێژینەوەی زۆرتر پێویستن، بەڵام توێژینەوەیەکی پێشووی 2016 کە لەسەر یەک ملیۆن خانم ئەنجامدراوە دەریخستووە کە گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان بەهۆی حەبەکانەوە هۆکارە بۆ خەمۆکی. 

"پزیشكان زانیاری تەواویان بەردەستنییە، لەبارەی حەبی مەنع و کاریگەرییەکەی لەسەر تەندروستی، بەتایبەت لەڕووی دەرهاوێشتەکانی لەسەر دەروونی مرۆڤ"، د. ئەنجێلیکا لیندێن، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە و پڕۆفیسۆری خانمان و منداڵان لە پەیمانگای کارۆلینسکا لە سووید وادەڵێت. 

پزیشکان و توێژەران لەبارەی ئەوەی کە چۆن حەبەکانی مەنع کاریگەرییان لەسەر خەمۆکی و دەروونی مرۆڤ هەیە بیرۆکەی جیاوازیان هەیە و دەڵێن یەکێك لە بیردۆزەکان ئەوەیە کە کاریگەری هۆڕمۆنەکان وەک کەمبوونەوەی تێستۆستیڕۆن و زیادبوونی پڕۆجیسترۆن لە جەستەدا هۆکارێکە، "ئەوان بۆیان دەرکەتووە کە پڕۆجیستڕۆن کاریگەری خەواڵووکەری لەسەر مێشک هەیە"، هەروەک یەکێکی دیکە لە بیردۆزی پزیشكان ئەوەیە کە خەمۆکی بەهۆی دەرهاوێشتە لاوەکییەکانی دەرمانەکانەوەیە، چونکە توێژینەوەکە دەریخستووە 21%ی ئەو خانمانەی کە حەبی مەنعیان خواردووە، هەستیان بە خەمۆکی کردووە و ئارەزووی خۆراکیان گۆڕاوە. 

د. ئەنجێلیکا لیندێن، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە و پڕۆفیسۆری خانمان و منداڵان لە پەیمانگای کارۆلینسکا لە سووید دەڵێت هەرچەندە رێژەی خەمۆکییەکە زۆرنییە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە زۆربەی خانمان بەهۆی ئەم خەمۆکی و گۆڕانی ئارەزووی خواردنەوە واز لە حەبەکانیان دەهێنن. 

دەرمانی رێگریکردن لە منداڵبوون لە چی پێکهاتووە؟
دەرمانی رێگریکردن لە منداڵبوون پێکهاتووە لە هۆڕمۆنە ستیڕۆیدەکانی پڕۆجیسترۆن و ئیستڕۆجین، کە بە شێوەی حەب، دەرزی، شاف و لەزگە هەیە. 

هۆڕمۆنەکانی پڕۆجیستڕۆن و ئیستڕۆجین بەشێوەی ئاسایی بە بڕی دیاریکراو لەنێو خوێن هەن، بەڵام کۆمپانیاکانی دەرمان هاتوون ئەو هۆڕمۆنەیان بەشێوازی جیاواز دروستکردووە و بۆ رێگریکردن لە منداڵبوون و چەندین نەخۆشیی دیکەی خانمان بەکاردێن. 

دەرمانی رێگریکردن لە منداڵبوون بەهۆی رێگریکردن لە هۆڕمۆنەکانی FSH و LH لە ژێرمێشکەرژێن، رێگە ئەگرێت لە دەردانی هێلکە بۆ نێو جۆگەی هێلکە و رێکخستنی ناوپۆشی منداڵدان بۆ ئامادەبوون لەکاتی دووگیانی و بەمەش رێگە لە منداڵبوون دەگرێت. 

ئەو دەرمانە ئەگەر بۆماوەیەکی درێژخایەن بەکاربهێندرێت، دەبێتەهۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی وەک بەرزەپەستانی خوێن، سەرئێشە، لاسەئێشە، خەمۆکی و هەندێک جاریش تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان. 

دەرمانی رێگریکردن لە منداڵبوون کە هۆڕمۆنی ئیستڕۆجین و پڕۆجیستڕۆنە پێویستە راستەوخۆ لەلایەن پزیشک بنووسرێت و پزیشک رێنمایی بکات لەبارەی چۆنییەتی و چەندێتی بەکاردهێنانی.