چۆن ئەو بۆنانە لێك جیا دەكەینەوە كە دەمێننەوە؟
رووداو – chataluae
هەڵات رێبوار
هەندێك لە ئێمە دوای ئەوەی بۆن(عەتر) دەكڕین خێرا گلەی ئەوە لە فرۆشیارەكە دەكەین كە فێڵی لێمان كردووە بە فرۆشتنی ئەو بۆنەی كە بۆنی نامێنێتەوە، هۆی ئەو گلەییەشمان بۆ نەشارەزای خۆمان بە جۆری بۆنەكان دەگەڕێتەوە كە هەندێكیان خەستن و هەندێكی دیكەیان كەمتر خەستن و بۆنیان زوو دەڕوات.
لەمەودوا بۆئەوەی جۆری بۆنەكان لێكجیابكەیەوە پێویستە لەكاتێ كڕینی بۆندا قوتوی بۆنەكە وەرگێری و سەیری بنەوەی بكەی تاوەكو جۆرەكانیان لێكجیابكەیەوە بەم شێوەیە:
جۆری ئەكەم Perfume
ئەگەر لە ژێر قوتووی بۆنەكە نووسرابوو Perfume ئەمە بۆنێكی زۆر خەستەو تا نزیكەی 6 كاژێر دەمێنێتەوە، دەكرێ لە شەواندا بەكاریبهێنی تەنها یەك دڵۆپی بەشی ئەوە دەكات كە بە دەوروبەرت بڵاوبێتەوە.
جوری دووەم Eau de perfume
ئەگەر لەژێر قوتووی بۆنەكە نووسرابوو Eau de perfume ئەوە بۆنێكە كە خەستیەكەی كەمترە و نزیكەی 5 كاژێر دەمێنێتەوە، دەكرێ بۆ كاتێك بەكاربێ كە دەچیتە دەرەوە و زۆرت پێناچێ. بەكارهێنانی ئەم جۆرە بۆنە بۆ كاتی كاركردن زۆر گونجاوە.
جۆری سێیەم eau de toilette
ئەگەر ئەمە لە ژێرەوەی قوتووەكە نووسرابوو مانای وایە ئەم بۆنە سووكە و بۆنەكەی تەنها 4 كاژێر دەمێنێتەوە، ئەم جۆرە بۆنە بۆ بەكارهێنانی رۆژانە گونجاوە.
جۆری چوارەم Eau de cologne
ئەمە بۆنێكی زۆر سووكەو زیاتر بۆ منداڵان گونجاوە، زیاتریش لە بەشی بۆنی منداڵان دەیبینین، چونكە بەهۆی سووكیەوە بۆ زیان بە پێستی منداڵان ناگەیەنێت .