چۆن زیانەكانی مۆبایل لەسەر تەندروستی مرۆڤ كەمبكەینەوە؟

رووداو - هەولێر

ئەو كاتانەی تەلەفۆن تەنیا لە هەندێ ماڵدا هەبوو، بۆ تەلەفۆنكردنێك دەبوو چەند كۆڵانێك ئەولاتر بچووینایە، مەترسییەكی وای لەسەر تەندروستیمان نەبوو، بەڵام كاتێك بچووك كرایەوە و وای لێهات بگێڕدرێ و ناونرا مۆبایل (كە بە مانای گەڕۆك-ئەوەی دەگێڕدرێت دێت)، ئیدی باس و خواسی زیانەكانی بوونە رۆژەڤ.

 تا ئێستا چەندین توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەو مەسەلەیە كراون، بەتایبەت ئەوەی ئایا مۆبایل رۆڵی هەیە لە تووشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە یان نا؟ بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە، بیسەلمێنێ مۆبایل شێرپەنجە دروست دەكات. ئەمەش بەو مانایە نایەت، كە دڵنیایی هەیە لەوەی دروستی ناكات، بەڵكو تا ئێستا دەرنەكەوتووە، واتە دەشێ لە ئایندەدا دەربكەوێ.

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە شێرپەنجە (IARC) كە پۆلێنی شێرپەنجەخەرەوەكان دەكات، مۆبایلی خستووەتە گرووپ بە واتای ئەگەری تووشكردن بە شێرپەنجەی هەیە.

دەستبەرداربوون لە مۆبایل كارێكی نیمچەنەكردەییە، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم رێنماییانە، مەترسییەكانی (ئەگەر هەبن) كەم دەكاتەوە:

1-  منداڵ و مێردمنداڵان بەكاری نەهێنن: بەهۆی ئەوەی هێشتا جەستەیان لە گەشەكردندایە، مەترسیی بۆ سەر ئەوان زیاترە. بۆیە وا باشە كەسانی خوار تەمەن بیست ساڵ نەیانبێ، تەنیا بۆ پەیوەندیی زۆر پێویست رێگەیان پێبدرێ‌ بەكاری بهێنن.

2-  دوای بەدەستەوەگرتنی مۆبایل، بێ دەست شوشتن دەست بۆ خواردن نەبرێ، چونكە لێكۆڵینەوەیەكی بەریتانی دەریخستووە مۆبایل زۆرتر لە سیفۆنی ئاودەست میكرۆب لەخۆ دەگرێت.

3- كەمكردنەوەی ماوەی پەیوەندییەكان: لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەدەن، كە مەترسییەكان و بەتایبەتیش مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە ئەو كاتە زۆر زیاد دەكات، كە رۆژانە زیاد لە كاژێرێك بەكاربهێنرێت. ئەوانەی ناچارن لەوە زیاتر بەكاری بێنن، رێنمایی دەكرێن بەوەی هێدفۆن بەكاربێنن.

4- ئەو كەسانەی ئەگەری تووشبوون بە (ئاوی سپی)ی چاویان هەیە، زۆر كەم بەكاریبێنن، چونكە لێكۆڵینەوەیەك لەسەر (جرج) دەریخستووە، كە 2-3 كاژێر بەركەوتن بە شەپۆڵی مۆبایل تووشی ئاوی سپییان دەكات.

5- پیاوان مۆبایل لە ناوقەدیان نەبەستن: مۆبایل تۆوی پیاوان بە رێژەی سێیەك كەم دەكاتەوە، بۆیە ئەو پیاوانەی لە تەمەنی وەچە خستنەوەدان، وا باشە لە ناوقەدیان نەیبەستن.

6- بە ئەگەری بەهێز دادەنرێ، كە كار بكاتە سەر كاركردنی هەندێ ئامێری جەستە، وەك ئەو پاترییانەی دەخرێنە سەر دڵ. بۆیە وا باشە ئەو كەسانە زۆر كەم بەكاریبێنن، لەكاتی بەكارهێنانیشدا زیاتر بیخەنە بەر گوێی راستیان كە دوورترە لە دڵیان.

7- لە كاتی نووستندا نەخرێتە ژێر سەرین، چونكە ئەوە یەكلایی بووەتەوە، كە رۆڵی زۆری هەیە لە خەوزڕاندندا. بۆیە وا باشە سەعات دابنرێ بۆ بێداركردنەوە نەك مۆبایل.

8- لەبەرئەوەی ئەگەری ئەوەی هەیە كار بكاتە سەر شەپۆڵە كارەباییەكانی دڵ، وا باشە نەخرێتە ئەو گیرفانانەوە كە دەكەونە سەر سینگەوە.
9- هەتا بۆتان دەكرێ‌ بە مەسج قسە لەگەڵ یەكدی بكەن.

10- لە كاتی شوفێریكردندا بەكارنەهێنرێت، چونكە دەركەوتووە رووداوی هاتووچۆ چوار هێندە زیاد دەكات.

11- مۆبایلی باش و ماركە بەكاربهێنرێت، چونكە ئەوانە كەمتر شەپۆڵی كارۆموگناتیسی دەردەدەن.

12 – لەو كاتەی تۆڕ لاوازە، بەكارنەهێنرێت، چونكە شەپۆڵی زۆر زیاتر دەردەدات.

13- دەست نەخستنە سەر ئاریەلی مۆبایل، كە دەكەوێتە لای سەرووی پشتی هاندەكە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی خولانەوەی شەپۆڵەكانی و زیادبوونی مەترسییەكانی.