سیاسەت و دەردە كولێرە

كاتی خۆی كە خەڵكی وەك ئێستا ئاستی رۆشنبیرییان بەرز نەبوو، بە نەخۆشیی كۆلێرایان دەگوت دەردە كولێرە، بەڵام وادیارە نە حكومەت و نە خەڵكیش ئاستی رۆشنبیرییان قیچێك زیادی نەكردووە، ئەگەرنا ساڵی 2015 و مەترسیی بڵاوبوونەوەی كۆلێرا كوجا مەرحەبا، ئەگەر لە عێراق یان كوردستان نەبێت! 

هۆكارێكی سەرهەڵدان یان بڵاوبوونەوەی كۆلێرا گەندەڵیی سیاسییە، ئەوە بەڕوونی دیارە لە حكومەتی بەغدا، لە كاتی سەرهەڵدانییەوە كە هۆكارەكەی گەندەڵی و دابیننەكردنی ئاوی پاكی خواردنەوەیە، هەتا ئەوەی رۆژ دوای رۆژ تەشەنەسەندنی كە ئەو بڵاوبوونەوەیەش دیسان هۆكارەكەی هەر گەندەڵییە. 

نزیكەی مانگێك كەمتر بوو كە باس لە بڵاوبوونەوەی كۆلێرا كرا لە دهۆك، بەڵام وەزارەتی تەندروستی بێئاگایی خۆی نیشاندا، ئێستاش بەغدا باسی دەستنیشانكردنی تووشبووی نوێ دەكات لە دهۆك و بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆكیش هەر رەتیدەكاتەوە، بەڵام ئایا لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق بۆچی بڵاوی دەكەنەوە كە لە دهۆك حاڵەتی نوێی كۆلێرا هەیە؟ 

كۆلێرا بۆ لە هەرێمی كوردستان؟ 


خۆ كە دەگوترێ بڵاوبوونەوەی كۆلێرا بە هۆی گەندەڵی سیاسییەوەیە، مانای ئەوە نییە لە دەمی سیاسییەكانەوە بەكتریا دێتە دەرەوە، من كە لە سیاسەت نازانم، كارم بەوە نییە ئەوان چی لە دەمیان دێتە دەرەوە كاتێك قسە دەكەن، بەڵام هۆكارێكی بڵاوبوونەوەی بەكتریا لە هەرێمی كوردستان، سەرقاڵبوونی (هەموو)ە بە سیاسەتەوە، لەگەڵیدا فەرامۆشكردنی سەرجەم كایەكانی دیكەی ژیانە و لە نێویاندا تەندروستی. كاتی خۆی لە كەیسی ئاڤاستیندا كاتێك خەڵكەكەی نەخۆشخانەی رزگاری كوێربوون، بابەتەكە قاڵبی راستەقینەی خۆی وەرگرت، كێشەكەش گەورە نەكرا، چونكە بۆ خۆی گەورەبوو، بەڵام ئێستا هەموومان تووشی تاعوون ببین، هێندە دەنگدانەوەی نابێت، گرنگیشی پێنادرێت، ناشبێتە بابەتی گەرمی رۆژنامەوانی، كێشە سیاسییەكان، یان گەندەڵیی سیاسی، شتێكی لە بیری خەڵك یان حكومەتدا نەهێشتووەتەوە بە ناوی تەندروستیی گشتییەوە. 

كۆلێرا لە سلێمانی 

لە هەولێر و لە دهۆك دووان تووشی بوون، هەرچەندە تا ئێستا لە سلێمانی هیچ لێدوانێكی فەرمی نییە لەسەر كۆلێرا، لە پرسەی مردنی منداڵێكی تەمەن شەش ساڵدا بە سكچوون باسی كۆلێرا كراوە، بەڵام تەندروستی سلێمانی دەڵێت تا ئێستا هیچ حاڵەتێك لە تاقیگەدا تۆمار نەكراوە، ئەگەر وابێت و ئەو دەردە لە سلێمانی دووربێت، جێگای دڵخۆشییە، چونكە ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی لە عێراقدا باشترینە. 

بمانپارێزن لە كۆلێرا 


بەكتریا و ڤایرۆس نازانن هەرێمی كوردستان قەیرانی سیاسی و دارایی هەیە یان نا، بۆیە لەسەر حكومەت پێویستە لەڕێی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و كۆنترۆڵكردنی ئاوی خواردنەوەوە بمانپارێزێ. 

خۆت، خۆت بپارێزە 


كۆلێرا، گەورە و بچووك، نێر و مێ نازانێت، هۆكاری بڵاوبوونەوەشی خواردن و خواردنەوەی پیسبووە بە بەكتریای كۆلێرا، لە ماوەی چەند كاژێرێكدا دەبێتە هۆی مردن، ئەگەر چارەسەر نەكرێت. گرنگە لەم كاتەدا هەموو كەس خۆی بپارێزێت لە خواردنی دەرەوە، دانیشتن لە تەوالێتی دەرەوە یان پیس، خۆپاراستن لە خواردنەوەی ئاوێك كە لە سەرچاوەكەی دڵنیا نیت، یان باشتر وایە لە وەرز، یان ناوچەی كۆلێرادا ئاوی خواردنەوە بكوڵێنرێت و دوای ساردكردنەوەی بۆ خواردنەوە بەكاربهێنرێت. 
زوو بگە نەخۆشخانە.

كۆلێرا چارەسەری هەیە، زۆرینەی رەهای ئەوانەی تووشی دەبن، دەتوانرێ چارەسەر بكرێن، ئەگەر زوو بگەنە نەخۆشخانە.