منداڵیک 22 خولەک دڵی وەستا و ئێستا ئاهەنگی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دەگێڕێت


رووداو- هەولێر

منداڵێكی ناکام دوای ئەوەی دڵی بۆماوەی ٢٢ خولەک لەلێدان دەکەوێت، لەلایەن پزیشكانەوە وەکو کارێكی جێگەی سەرسوڕمان باس دەکرێت و چارەسەرکرا و ئێستا یادی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بۆکرایەوە.


لەیسی شێریف، لە تەمەنی ٢٧ هەفتەیەمینی دووگیانی لەدایکبووە، کاتی لەدایکبوون کێشی ٦٣٥ گرام بووە، لەماوەی ژیانی لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی بەپەلە بۆی لە تەمەنی ٥ رۆژیدا دووجار دڵی وەستاوە. تەنانەت باوانی منداڵەکە خۆیان بۆ خراپترین حاڵەت کە مردنە ئامادەدەکرد، بەڵام ئەو لەگەڵ مردن جەنگا و گەڕایەوە بۆ ژیان. پزیشكانیش بەڵێنیان بە خانەوادەکەی دا کە ئەو دەبێت بژیت و دوا 11 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گەڕایەوە بۆ ژیانێكی ئاسایی لە ماڵەوە.

لەیسی لەڕێگەی نەشتەرگەری منداڵبوون لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی سەنتەری خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانیا لە ئینگلتەرا لەدایکبووە، دوای ٥ رۆژ نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی بۆ ئەنجامدراوە، لەماوەی نەشتەرگەرییەکە دڵی دووجار وەستاوە، کە جارێكیان ١٢ خولەک و جاری دووەم ١٠ خولەکی خایاندووە. 


د. تۆماس بریین، راوێژکاری سڕکردن و چاودێری چر کە سەرپەرشتی نەشتەرگەرییەکەی لەیسی کردووە دەڵێت نەشتەرگەرییەکە زۆر باش بەڕێوەدەچوو، لەوکاتەدا حاڵەتی تێكچوو و دەترسان ژیانی کۆتایی هاتبێت، بەڵام نەوەستان و رزگاریان کرد. بەجۆرێك دەڵێت هەرگیز حاڵەتێكی لەمشێوەیەی نەبینیوە کە کۆرپەیەک هێندە نەخۆش بێت، هێندە تووشی مەترسیی ببێت و دوای چاکبوونەوەی هیچ نیشانەیەکی مردنی مێشکی نەبێت. 

باوانی منداڵەکە دەڵێن ژیانی منداڵەکەیان لەبەردەستی تیمی پزیشكی نەخۆشخانەکە بوو، بەڵام منداڵەکە ئێستا زۆرباشە و یادی یەکەم ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دەکاتەوە.