فلتەرەکانی سناپچات، هۆکارن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری

رووداو- هەولێر

پزیشکانی سەنتەری پزیشکی بۆستن لە ئەمریکا ئاشکرایدەکەن خواستنی خانمان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری زیادیکردووە و هۆکاری ئەمەش دەگەرێنەوە بۆ بەکارهێنانی سناپچات.


پزیشکانی پسپۆری نەشتەرگەری جوانکاری لە ئەمریکا توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە سەبارەت بە کاریگەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر دەروونی خانمان و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی جاما بڵاوکردووەتەوە.

پسپۆرانی جوانکاری لە سەنتەری پزیشکی بۆستن دەڵێن، بەهۆی بەکارهێنانی فلتەرەکانی سناپچات بەشێکی زۆری خانمان بەتایبەت ئەوانەی لە تەمەنی 18-25 ساڵن گلەیی لە شێوازی رووخساریان دەکەن و روودەکەنە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری.

پزیشکان ئەمە بە گرفتێکی دەروونی نێودەبەن و روونیدەکەنەوە بەکارهێنانی زۆری سناپچات وادەکات خانمەکە متمانە بەخۆبوونی کەمببێتەوە و لە رووخساری خۆی رازی نەبێت.

پسپۆرە ئەمریکییەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری لە توێژینەوەکەیاندا رایدەگەیێنن زۆربەی ئەو خانمانەی روو لە نۆرینگەکانیان دەکەن گلەیی ئەوە دەکەن لە وێنە سێلفییەکاندا جوان دەرناکەون بەمەش دەیانەوێت نەشتەگەری لووت، فیلەر و بۆتۆکس بکەن.

پسپۆرانی دەروونی ئەم گرفتە بە (Snapchat dysmorphia) نێودەبەن و داوادەکەن خەڵک بەگشتی و خانمان بەتایبەتی کاتێکی کەمتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی سناپچات بەسەربەرن و لەکاتی وێنەگرتن فلتەر بەکارنەهێنن و متمانەیان بەخۆیان و شێوەی رووخساریان بێت.