لەخۆڕا مەڕۆنە نەخۆشخانە

لەنێو خەڵک وا باوە، سەد دۆلاری ئێستا وەک دووسەدی پێش قەیرانی داراییە، جا ئەوە بە پارە، منیش دەڵێم، وەرگرتنی شرووبێک لەم قەیرانەدا، وەک وەرگرتنی تەنەکەیەک حەب و دەرمانە لە ساڵانی پێشتردا، بۆیە ئەگەر پێویستت پێی نییە، وەریمەگرە و بۆ کەسێکی جێبهێڵە کە پێویستی پێیەتی. 

مەرج نییە هەر کەسێک رۆشتە نەخۆشخانە ئیتر نەخۆش بێت، لە ئەمریکا و بەریتانیا ساڵانە چەندین ملیار دۆلار لەو دەرمانانەدا بەفیڕۆ دەچن کە خەڵکی وەریاندەگرن و بەکاریان ناهێنن، ئەوە بۆ کوردستان زیاتر راستە، چونکە خەڵکی ئێمە زیاتر خووی داوەتە پزیشک و نەخۆشخانە، ئاخر دەزانی خوو چۆنە؟ تۆ ئەگەر خوو بدەیتە نەخۆشی یان نەخۆشخانە، ئێستا دەتوانی چەندین نەخۆشی لە خۆتدا بدۆزیتەوە، یان چەندین بیانوو بۆ خۆت بهێنیتەوەو بە هۆیانەوە روو لە نەخۆشخانە بکەیت. 

خوودانە نەخۆشی بە تەنها هەر رۆشتنیش نییە بۆ نەخۆشخانە، بۆ نموونە ئەگەر خوا نەخواستە رێتان کەوتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، سەرەتا پزیشکێک  کەسەکان هەڵاوێر دەکات، ئەو دەزانێت و کارەکەی بڕیاردانە لە گەرمی و ساردیی حاڵەتەکان، ئیتر با کابرا نەک هەر دەستی خۆی، دەستی تایەفەکەشی لەسەر کەلەکەی دانابێت، سارد هەر ساردە، مانای ئەوەیە ئەم کەسە پێویستی بە چارەسەری بە پەلە نییە، ژیانی لە مەترسیدا نییە، خەڵکێکی دیکە هەن، پێویستە زیاتر گرنگییان پێبدرێت و ژیانیان رزگار بکرێت. 

ئینجا خوودانە نەخۆشی شتێکی دیکەشە، کاتێک کابرا دەڕواتە نەخۆشخانە، دەیەوێت هەموو نەخۆشخانەکە لە خزمەتیدا بن، کاتێکیش بینینی دوادەکەوێت، دەکەوێتە پرتە و بۆڵە و توانجدان لە ستاف و پزیشکان، بە خۆبەزلزان و هیچ نەزان وەسفیان دەکات، ئەزیزم تۆ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنیت، پێشتریش پزیشکێک تۆی بینیوە، لێگەڕێ با ئەوان بە نەخۆشێکی دیکەوە خەریک بن کە ژیانی لە مەترسیدایە، بۆ نموونە کەسێک تووشی رووداوی هاتوچۆ هاتووە، یان بە فیشەک بریندار کراوەو خوێنێکی زۆری لێ رۆیشتووە، هەندێک جار بێدەنگبوون و چاوەڕێکردن، زۆر زیاتر لە قسەکردن، بەرزیی ئاستی رۆشنبیری نیشان دەدات، کاتێک دەبینیت هەموو ستافەکە سەریان قاڵەو بە نەخۆشی دیکەوە خەریکن، ئیتر پێویست بە گلەیی و خۆڕەنجاندن ناکات، هەرکات کەمتەرخەمیت بینی و تۆ هەناسەت بۆ نەدەدراو پزیشکەکە خەریکی مۆبایلەکەی بوو، ئەوکات دەتوانی بڵێی جەنابی پزیشک گیانی من لە مۆبایلەکەی تۆ گرنگترە. 

جارێک پزیشکێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتن پێیگوتم، زۆربەی ئەوانەی روودەکەنە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، پێویستیان بە فریاکەوتن نییە. 
ئێستا دۆخی نەخۆشخانەکان ناسکە، پزیشکان و کارمەندان بێ مووچە کار دەکەن، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بە قەرز دەکڕدرێن، خۆپیشاندان و توندوتیژی هەیە، شەڕی داعش هەیە و برینداریش هەیە، لەوانەیە نەڕۆیشتنی تۆ بۆ نەخۆشخانە و سەرقاڵنەبوونی پزیشک و بەشی تاقیگەو تیشک پێتەوە، گیانی پێشمەرگەیەکی بریندار رزگار بکات. 

دەبێت وەزارەتی تەندروستی رێنمایی بڵاوبکاتەوە بۆ هاونیشتمانیان تا بزانن کەی پێویستیان بە گەیشتن بە نەخۆشخانەی فریاکەوتن هەیە، بۆ نموونە ئازاری سنگ یان سک، هەناسە توندی، خوێنبەربوون، رووداوی هاتوچۆ، سکچوون و رشانەوەی بەردەوام، لەهۆشخۆچوون، ژەهراویبوون، یان هەر هۆکارێکی دیکە کە هەڕەشە لەسەر ژیان دروست بکات.