ئەمڕۆ بەشداربووانی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ خەڵاتدەکرێن
رووداو- هەولێر
ئەمڕۆ بەشداربووانی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ خەڵاتدەکرێن، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی قۆناخی ناوتۆمارکردن، فلتەرکردنی ناوەکان، پشکنین و دەرچوونی ئەنجامەکان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، ئەمڕۆ 100 کەس لە بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ خەڵاتدەکرێن.
د. مەتین عەبدولرەزاق، سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ دەڵێت، 9170 کەس لە پرۆژەکە بەشداربوون، ئەوانەی لە فلتەری یەکەمی تیمی پشكنین دەرچوون، ناویان چووە نێو پرۆسەی پشکنین و دواتر پشکنینەکانی بەشداربووان کران، روونیدەکاتەوە ئەوانەی ناویان دەرچووە، ئەمڕٶ لە ئاهەنگێكی شایستەدا خەڵاتدەکرێن و گەورەترین خەڵاتی پرۆژەکەش ئۆتۆتمبێلێك دەبێت.
د. مەتین عەبدولرەزاق ئاشکرایدەکات، جگە لە گەورەترین خەڵات کە ئۆتۆتۆمبێلێکە و لەلایەن زنجیرە مارکێتەکانی تیممارت دابینکراوە، بەشێوەی تیروپشک دەدرێت بە یەکێك لە 100 کەسە سەرکەوتووەکەی وازهێنان لە جگەرەکێشان. هاوکات هەر 100 کەسەکە خەڵاتی دیکەیان بەسەردا دابەشدەکرێن و بڕوانامەی وازهێنانیان پێدەبەخشرێت و وەک سەرکەوتووی جەنگی دژی جگەرە هەژماردەکرێن.
ئەنتیتۆباکۆ زاراوەیەکی تەندروستی جیهانییە و بە مانای "دژەتووتن" دێت، بیرۆکە و جێبەجێکردنی پرۆژەکە هی دێسکی تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە ساڵی یەکەمدا زۆرتر لە ٣٥٠٠ کەس بەشداری پرۆژەکە بوون و وازیان لە جگەرەهێنا، ئەمساڵیش ژمارەی بەشداربووانی سێ هێندە زیادیکردووە.