چەند رێنماییەک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری هاتنی ددانی منداڵان


رووداو - هەولێر

پرۆسەی دروستبوونی ددان پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و سەرەتا ددانی شیری لە ماوەی ٦-٨ ەم هەفتەی دووگیانیدا لە خانە کۆرپەییەکان دروست دەبن و پاشان ئەم خانانە گەورەدەبن و لە مانگی ٤-٧ەمی دوای لەدایکبوون بەشێوەی ددان لە نێو دەمدا دەردەچن.

دروستبوونی ددان پێویستی بە ژینگەیەکی دەم و ددانی تەندروست هەیە و دەبێت لەکاتی دروستبوونی دداندا خۆراکێکی باش بخورێت کە دەوڵەمەند بێت بە کالسیۆم، ڤیتامین D و فسفۆر چونکە ئەو ماددانە ددانەکان بەهێزدەکەن. 

هەندێک منداڵ بە ئاسانی ددانەکانیان دەردەچێت و لەو کاتەدا تووشی ئازارنابن، هەندێکی دیکەش ئازارییان دەبێت و دایک دەتوانێت لە رێگەی هەندێک نیشانەوە بزانێت کە منداڵەکە ئاسوودە نییە و ددانی دێت.

منداڵ لەکاتی ددان هاتن ئەم نیشانانەی دەبێت:

1- زۆر لیک رژان
لەکاتی ددانهاتن لیکە رژێنەکان زیاتر دەردەدرێن و منداڵان لەو کاتەدا لیک بە لێویان دێتە خوارەوە.

2- جوینی ماددەی جیڕ
لەکاتی هاتنی ددان زۆربەی منداڵان حەز بە جوینی ماددەی جیر دەکەن، دەگوترێت جوینی ئەو ماددە جیڕانە هاتنە دەرەوەی ددان لە پوک ئاساندەکات.

3- لەخەوهەستان
زۆرجار لەکاتی ددان هاتن منداڵ شەوانە لەخەو هەڵدەستێت و ئارامی لێهەڵدەگیرێت.
 
4-ئەستووربوونی پوک
لەکاتی هاتنی ددان، پوکی منداڵ ئەستوردەبێت و بەدەستلێدان ئازاری پێدەگات.

5-راکێشانی گوێ
یەکێک لە نیشانەکانی دیکەی ددان هاتن ئەوەیە کە منداڵ لەو کاتەدا گوێی خۆی رادەکێشێت.

پزیشکانی ددان و تایبەتمەندی منداڵان رایدەگەیێنن پێویستە لەکاتی ددان هاتن دایک چاوی لەسەر منداڵەکەی بێت و ئاگاداری بێت، هاوکات چەند رێنماییەک دەخەنەڕوو بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ددان هاتنی منداڵان کە ئەمانەن:

1- بوکەڵە تایبەتەکانی ددان هاتن یارمەتی دەرچوونی ددانی منداڵان دەدەن، بەوەی منداڵ لەکاتی گەستنی ئەو بوکەڵانە پەستان دەخاتە سەر پووکی و بەمەش ددانەکان ئاسانتر دەردەچن.

2- پارچە لەفافێکی تەڕ یان پەنجەت بشۆ و لە پوکی منداڵەکەی بخشێنە. 

3-ئەو لیکە وشک بکەوە کە بە لێوی منداڵەکەتدا دێتە خوارەوە، چونکە دەبێتەهۆی هەستیاری. 

4-هەوڵ بدە ئاوی سارد یان خۆراکی سارد بدەیتە منداڵەکەت.

پزیشكان دەشڵێن نابێت هیچ ماددەیەکی سڕکەر بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازار بدرێتە منداڵ و وا باشترە لەکاتی هەستکردن بە هاتنی ددانی منداڵ سەردانی پزیشكی ددان یان منداڵان بکرێت.