ترێ بخۆن نەک شەربەتی ترێ!
رووداو-سلێمانی
دامەزراوەیەکی فەرمیی تەندروستی لە قەتەر جگە لە روونکردنەوەی سوودەکانی ترێ، داوا لە هەوادارانی ئەو میوەیە دەکات خودی ترێ بخۆن نەک شەربەتەکەی.
دامەزراوەی چاودێریی و خۆپاراستنی تەندروستی قەتەر دەڵێ ترێ رێگریدەکات لەو جۆرەی کوێربوون کە بەهۆی چوونە تەمەن روودەدات، ئەوە جگە لەوەی تەندروستی مێشک دەپارێزێ.
دامەزراوەکە دەڵێ بۆ دەستکەوتنی تەواوی سوودەکانی، باشترە خودی میوەی ترێ بخورێ نەک شەربەتەکەی، چونکە شەربەتی ترێ ئەو ریشاڵە خۆراکییانەی تێدا نین کە هەستی تێری دەبەخشن و چارەسەری قەبزی دەکەن.
ریشاڵە خۆراكییەكان هەرچەندە هەرس نابن، بەڵام لاکتی مانەوەیان لە گەدە هەستی تێری دەبەخشن، هەروەک لەکاتی گەیشتنیان بە ریخۆڵە یاریدەی هەرس دەدەن بەوەی بە خێرایی بە ریخۆڵەدا تێپەڕدەبن و لە ئەنجامدا خۆراكە هەرسبووەكانیش لەگەڵ خۆیان دەجووڵێنن، لەو رێگەیەشەوە دژی قەبزی و چەندین نەخۆشیی درێژخایەنن. سەرچاوەی دەوڵەمەندی ریشاڵە خۆراكییەكان بریتین لە سەوزە و میوە، دانەوێڵەكان، پاقلەمەنییەكان و چەرەسەكان.