قەڵەوی 10 ساڵ مێشکت پیر دەکات
رووداو - فۆکس نیوز
ئەو کەسانەی کێشیان لە ئاسایی زۆرترە، زۆرتر نیشانەکانی پووکانەوەی پەیوەست بە تەمەنی مێشکیان لەسەر دەردەکەوێ، ئەوەش بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆرناڵی زانستی (Neurobiology of Aging) بڵاوبووەتەوە.
دوای شرۆڤەکردنی سکانی وێنەی مێشکی 527 کەسی پێگەیشتوو، توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت ئەوانەی هاوکۆلکەی بارستایی جەستەیان لە 25 زۆرترە، قەبارەی شانە سپییەکانی مێشکیان کەمترە لەو کەسانەی هاوکۆلکەی بارستایی جەستەیان لە 25 کەمترە.
هاوکۆلکەی بارستایی جەستە
هاوکۆلکەی بارستایی جەستە کە بە کورتی بە (BMI) نێودەبرێ، هاوکێشەیەکی ئاسانە و بەهۆیەوە دەتوانی بزانی ئایا تۆ کێشی لەشت کەمە؟ ئاساییە؟ کێشت لە ئاسایی زیاترە، قەڵەوی یان قەڵەویی مەترسیدارت هەیە؟
هاوکۆلکەی بارستایی جەستە بەوە هەژمار دەکرێ کە کێشی جەستەت دابەشی درێژیی باڵات بە مەتر دووجا بکەی، ئەو ژمارەیەی بۆت دەردەچێ دیاری دەکات کە کێشی تۆ تا چەندە ئاساییە.
بۆ نموونە ئەگەر باڵای تۆ 182 سەنتیمەترە و کێشت 80 کیلۆیە، ئەوە 1.82 مەتر جارانی دوو دەکەی کە دەکاتە 3.3124، ئینجا کێشی لەشت دابەشی ئەم ژمارەیە دەکەی کە دەکاتە 24.
بەپێی پێناسەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هاوکۆلکەی بارستایی جەستەی تاوەکو 25 ئاساییە، 25 بەرەو سەر کێشی زۆرە و 30یش قەڵەوە. ئەو هاوکێشەیە بۆ پیاوان و خانمانی پێگەیشتوو بەکاردێت و رێکخراوی جیهانیى تەندروستى وەکو پێوەرێکی دانپێدانراو ناساندوویەتی.
شانەی سپیی مێشک
شانە یان ماددەی سپی مێشک ئەو بەشەی مێشکە کە ناوچە جیاوازەکانی مێشک پێکەوە دەبەستێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان خانە دەمارییەکان رێکدەخات. شانەی سپی یارمەتیی هەموو پرۆسەیەکی هزریی دەدات، هەر لە یادەوەرییەوە تاوەکو بیرکردنەوە.
تەمەن و شانەی سپی
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەندا، ئەو بەشەی مێشک بەرەو پووکانەوە دەچێ، بەڵام ئەوەی لە توێژینەوە نوێیەکەدا دەرکەوت، ئەوانەى کێشیان زۆرە یان قەڵەون، خێراتر لە کەسانی دیکە تووشی ئەو پووکانەوەیە دەبن.
توێژەرەکان لە زانکۆی کامبریج بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسەی کێشی جەستەی لە ئاسایی زۆرترە، لەڕووی قەبارەى ماددە سپییەکەوە، تەمەنی مێشکی هاوشێوەی کەسێکە کە 10 ساڵ لەخۆی گەورەترە.
د.لیزا رۆنان، توێژەر لە زانکۆی کامبریج، لەبارەی هۆکاری خێرا پووکانەوەی مێشکی قەڵەوەکانەوە گوتی "چەورییەشانەی زیاد لە پێویست، دەبنە هۆی دەردانی رەگەزەکانی سایتۆکاین کە زیان لە شانەکانی مێشک دەدەن".
پێشتریش توێژینەوەی زانستی هەبوون کە پەیوەندییان بینیبووەوە لەنێوان کێشی زۆر و نەخۆشیی خەڵەفان.