پیاو چ جۆرە ئافرەتێكی لا جوانە ؟

رووداو – دەیلی مەیلی

دوای ئەوەی زۆرینەی خەڵك لە راپرسییەكدا دانبەوەدادەنێن كە ئافرەت بێ میكیاژكردن جوانتر دەردەكەوێت، ئافرەتانی سەرتاسەری جیهان سەرقاڵی سڕینەوەی میكیاژی دەم و چاویانن بۆ ئەوەی وێنەی خۆیان بێ میكیاژ و جوانكاری لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاوبكەنەوە.

دەروونناسێك دەڵێت، زۆرجار خەڵك بە هەڵە حوكم لەسەر ئەوەدەدەن ئایا رەگەزی بەرامبەر چ جۆرە رووخسارێكی لا جوانە، ئەمە لەكاتێكدایە لە راپرسییەكەدا وا دەردەكەوێت كە پیاو بەجۆرێك ئافرەتی لا جوانە، كاتێك میكیاژ و كەرەستەی جوانكارییەكانی بە رێژەی 40% كەمدەكاتەوە.

دكتۆر ئەلێكس جۆنس، وانەبێژ لە زانكۆی بانگۆری وێڵزی بەریتانیا دەڵێت، كاردانەوەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەڵگەیەكی دیكەن بۆ ئەو راپرسییە كە وادەركەوتووە وێنەی ئەو ئافرەتانەی كە بە بەبێ جوانكاری لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاوكراونەتەوە، بە لێشاو كۆمێنت و تێبینی ئەرینییان بۆ هاتووە.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی پەیوەندیدار كە لە پەیمانگای تەكنیكی "كالتەك" لە كالیفۆرنیای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجامدراوە، دەركەوتووە ئەو وێنانەی كە لە نزیكەوە دەگیرێن تاوەكو رادەیەك جوانی كەسەكە دەشارنەوە لەوەی وێنەكان لە مەودایەكی دوورتر بگیرێن.