توێژینەوە: حەبی ئۆمێگا-3 لە جەڵتەی دڵ و مێشک ناتپارێزێ


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە بەکارهێنانی حەبی ئۆمێگا-سری ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەمناکاتەوە.


توێژینەوەکە لەسەر بنەمای پێداچوونەوەی 79 توێژینەوەی پێشوو ئەنجامدراوە کە 112 هەزار کەس بەشدارییان تێداکردوون.

ئۆمێگا سری ترشێکی چەورییە کە جەستە ناتوانێ درووستیبکات و دەبێ هەر لە خۆراکەوە وەریبگرێ، وەکوو لە ماسییە چەورەکان، چەرەس و ناووکەکان و بۆ ئەو مەبەستەش بڕێکی کەمی پێویستە بۆپاراستنی تەندروستیی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.

بەڵام دەرکەوتووە وەرگرتنی ئۆمێگا سری بەشێوەی حەب، نابێتەهۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک.

توێژەرەکان رێنمایی خەڵکییان کردووە، ئەو پارەیەی لە ئۆمێگا سری خەرجی دەکەن، بیدەن بە خواردنی سوودبەخشی سرووشتی.