لە دیالە بەهۆی ئەنفلەوەنزای باڵندە 197 هەزار مریشک لەنێوبراون

رووداو - دیالە

لە پارێزگای دیالە دوای تۆمارکردنی نەخۆشیی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە چەند کێڵگەیەکی پەلەوەری، 197 هەزار مریشک لەنێوبراون. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری پارێزگای دیالە بۆ رووداو دەڵێت، بەردەوام دەبن لە چاودێری کێڵگەکانی پەلەوەر.

لەدوای دۆزینەوەی دوو شوێن و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لەنێوبردنی نەخۆشیی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە پارێزگای دیالە، بەمەبەستی پاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری پارێزگاکە، رایگەیاند، زیاتر لە 197 هەزار میشک لەنێوبراون.

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەڵێن، قەدەخەی فرۆشتنی مریشک لە ناوچەیەکی دووری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە زیانی زۆری پێگەیاندوون و دەبێ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.

خاوەن کێڵگەکان لە دەرەوەی پارێزگای دیالە خۆپیشاندانێکیان دژ بە بڕیاری پارێزگاکە ئەنجامدا، کە وێڕای تووشنەبوونی مریشک و پەلەوەرەکانیان بە نەخۆشییەکە، فرۆشتنیان قەدەخەکراوە. 

خۆپیشاندەران داوادەکەن رێگەیان پێبدرێت لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەرهەمەکانیان بفرۆشن.