یەمەن.. پەنجەمۆر 200 ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە
رووداو- ئاژانسەکان
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی یەمەنی ئاشکرایکرد، کە وەزارەتی خزمەتگوزاری شارستانی و دڵنیایی، بەهۆی دانانی سیستەمی پەنجەمۆر و وێنەی راستەقینە نوێ، ساڵانە 200 ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە، بەهۆی ئاشکراکردنی ئەو فەرمانبەرانەی دوو مووچەیان هەیە یاخود بن دیوارن و دەوام ناکەن.
سیستەمی پەنجەمۆر وێنەی ئەلیکترۆنی، وەک باشترین چاکسازی ئابووری لە وڵاتی یەمەن هەژمار دەکرێت، کە لە چوارچێوەی 13 هەنگاوی چاکسازی حکومەت ئاماژەی پێکراوە.
هەروەها سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی حەیاتی راگەیاندووە، کە مەبەستی سەرەکی لە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە، "بۆ نەمانی دوو مووچەیی و فەرمانبەری وەهمییە لە دەزگا خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم فەرمانبەرانە لە کارەکانیان دەردەکرێن ئەگەر لە ناو سوپاو دەزگا ئەمنیەکانیش بن".
هەرهەمان سەرچاوە ئاماژەشی بەوە کردووە، "دەزگای جێبەجێکار لە وڵات دەبێت پەلە بکات لە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە، لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتی بەردەوامی ئەم پرۆسەیە پێویستە بۆ ئەوەی سیاسەتی چاکسازی لە یەمەن پەیڕەو بکرێت، تاوەکو بێکاری لە وڵات کەمبکاتەوە، هەروەها کار لەسەر بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بووژانەوەی ژێرخانی وڵات بکرێت".
پێویستە وەزارەتی پلاندانان داوای هاریکاری نێودوڵەتی بکات بۆ کۆکردنەوەی دارایی لەو وڵاتانەی پارە دەبەخشنەوە، لەبەرئەوەی ئەم پرۆژەیە پێویستی بە هەشت ملیۆن دۆلار هەیە، تاکو ئێستا وڵاتی ژاپۆن رەزامەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی دارایی ئەم پڕۆژەیە بکات، بەڵام هێشتا نەتواندراوە پارەی تەواو بۆ پرۆژەکە کۆبکرێتەوە، لەبەر ئەوەی تەنیا بە وڵاتێک ئەم کارە جێبەجێ ناکرێت.
بڕیارە دەسەڵاتدارانی یەمەن سەردانی چەند وڵاتێک بکەن بۆ ئەوەی یارمەتی بۆ وەزارەتی پلاندانان کۆبکەنەوە تاکو پڕۆژەکە دەستپێبکەن.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "یەمەن زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار فەرمانبەری لە کەرتی گشتی هەیە، ئەو سیستەمە کۆنەی ئێستا کاری پێدەکرێت ناتوانێت ئیشوکارەکان بەباشی جێبەجێ بکات، هەر بۆیە ئەو سیستەمەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت هیچ جۆرە دڵنیاییەکی تێدا نییە بۆ پاراستنی لە رووی داتاو شکاندنی کۆدەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت فەرمانبەرە وەهمییەکان ئاشکرا بکات، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئامادەبوون و دەرچوونی فەرمانبەران بە شێوەی پەنجەمۆری ئەلکترۆنی نییە، پاشان هیچ داتایەک و زانیاریێکی گشتی لەسەر فەرمانبەران بە یەکتری نەبەستراوەتەوە.
ئەو سیستەمە فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ ناگرێتەوە، چونکە ئەوان سیستەمێکیان بە پێی یاسای ژمارە 43 ساڵی 2005 هەیە ناتواندرێت کار لە سیستەمی نوێ بکات.
سەرۆکی یەمەن، عەبد ربە مەنسوور هادی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەت و وەزارەتی خزمەتگوزاری شارستانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو دەبێ ئەم پڕۆژەیە کۆتایی پێهاتبێت، بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەک ژمارەیەکی نیشتمانیی خۆی هەبێت و نەتواندرێت کاری ساختەی پێبکرێت و دوو مووچەییش لە وڵات نەمینێت.