هۆکاری گەورەیی مەمکی بەشێک لە کوڕان


رووداو- DW

کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵ و نەوجەوانانی ئەڵمانی دەڵێن گەورەبوونی مەمکی بەشێک لە کوڕانی تازەپێگەیشتوو هۆکاری جیاوازی هەیە.


بەشێک لە هۆکارەکان بۆماوەیین، واتە ئەگەر کەسوکاری پلە یەکی کوڕەکە ئەو حاڵەتەیان هەبوو، ئەوە ئەگەری زۆرە لە رێگەی بۆهێڵ (جین)ەکانەوە ئەو سیفەتە بۆ ئەویش بگوازرێتەوە.

بەشێکی دیکە لە حاڵەتەکان بەهۆی هەندێک دەرمانى نەخۆشییە درێژخایەنەکانە، وەکوو دەرمانەکانی چارەسەری خەمۆکی، فێ و بەشێک لە دەرمانەکانی ئازاری گەدە (وەکوو تاگامیت).

بەشێک لە حاڵەتەکانیش تەنیا بەهۆی قەڵەوین و ئەگەر کەسەکە لە رێگەی وەرزش و رێجیمەوە کێشی دابەزێنێ، قەبارەی مەمکیشی ئاسایی دەبێتەوە.

بەشێکی بەرچاو لە حاڵەتەکان پاش تەمەنی 16 ساڵی خۆبەخۆ چاک دەبنەوە، واتە بەبێ هیچ چارەسەرێک مەمکەکە ئاسایی دەبێتەوە.

خۆ ئەگەر گەورەیی مەمکەکە بەردەوام بوو، بەبێ ئەوەی هۆکارێکی نەخۆشخەر هەبێ، ئەوە لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە دەتوانرێ مەمکە گەورەکە بچووک بکرێتَەوە، وەکوو مەمکی هەر پیاوێکی ئاسایی.

لە هەموو بارێکدا باشترە ئەو کوڕەی مەمکی بەشێوەیەکی نائاسایی گەورەیە، سەردانی پزیشک بکات و هۆکارەکەی بزانێت، ئەگەر نەخۆشییەکی دیاریکراو هۆکار بوو ئەوە پزیشک چارەسەری دەکات و ئەگەر هۆکارەکەش دەرمانێکی تایبەت بوو، رەنگە پزیشک جێگرەوەی دەرمانەکەی پێبدات.