حەوت رێنمایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شڵەژان و دڵەڕاوكێ
رووداو-دۆیچەڤیلە
ژیانی پر جەنجاڵی و سەرقاڵیی ئەم سەردەمە وایكردووە، خەڵكی ئێستا لە سەردەمەكانی پێشوو زۆرتر تووشی شڵةژان و دڵەڕاوكێ ببنەوە. توێژینەوەش زۆرن كە دەریانخستووە شڵەژان و دڵەڕاوكێ كاریگەریی نەرێنیی زۆریان لەسەر جەستە و دەروون هەیە.
ئەم رێنماییانە یارمەتیت دەدەن راددەی شڵەژان و دڵەڕاوكێت كەم ببێتەوە:
1-وەرزش:
وەرزشكردن لە كاریگەرتریت رێگەكانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شڵەژان و دڵەڕاوكێز بەتایبەت وەرزشە هێواش و بەردەوامەكان. لەنێو وەرزشەكاندا، ماراسۆن و پاسكیلسواری بە باشترین دادەنرێنو چونكە هۆرمۆنەكانی فشار كەمدەكەنەوە، سوڕی خوێن چاك دەكەن و كاری دڵ رێكدەخەن.
2-تەكنیكەكانی خاوبوونەوە:
یۆگا بەتایبەت زۆر كاریگەرە لە رووبەڕووبوونەوەی شڵەژان و دڵەڕاوكێدا. باشترە رۆژانە لانیكەم چارەگێكی كاتمان بۆ تەكنیكەكانی خاوبوونەوە تەرخان بكەین. بەجێهێنانی سرووتە ئایینییەكانیش هەندێك كاریگەریی هاوشیوەی یۆگای هەیە.
3-رووكردنە شوێنە ئارامەكان:
بەسەربردنی بەشێكی كاتەكانت لە شوێنێكی تەواو بێدەنگدا، زۆر كاریگەرە لە پێچەوانەكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی ئەو دڵەڕاوكێیەی لە ژیانی پڕ جەنجاڵێ رۆژانەوە درووستدەبێت. رووكردنە كتێبخانە، مۆزەخانە و شوێنەكانی ئەنجامدانی سروتە ئایینییەكان شوێنی گونجاون بۆ هەستكردن بەو هێمنییە.
4-رووكردنە سەوزایی:
سەلمێندراوە كە رەنگی سەوز رەنگێكی ئارامكەرەوەیە، جا ئاگەر سەوزەكە لە سرووشتەوە بێت ئەوە زۆر كاریگەرترە. تویژینەوەكان سەلماندوویانە ئەوانەی لە ماڵەوە باخچەیان هەیە، یان زۆرتر روودەكەنە باخچە و پاركە گشتییەكان و سەوزایی دەشت و دەر، تەندروستیی دەروونییان زۆر لە خەڵكی دیكە باشترە.
5-خاوبوونەوەش بە كار بزانە:
هەمیشە هەر لە خەمی بەجێگەیاندنی ئەو خشتەیەدا مەبە كە بۆ ئەركەكانی رۆژت داناوە، بەڵكو هەموو رۆژێك ماوەیەك تەرخان بكە بۆ پشوودان و خاوبوونەوە و ئارامی و لەو كاتەدا لە خەمی كار و رۆتیناتی رۆژانەتدا مەبە.
6-گرنگی بە ناوبڕی ئارامكەرەوە بدە:
ئەوانەیهەمیشە لە نووسینگە و لە بەرامبەر كۆمپیوتەرەكانیانن، هۆرمۆنەكانی فشاریان بەرز و بەرزتر دەبێتەوە. ئەوكاتەی كە وەكو ناوبڕ و پشوو لە كارەكەتدا هەتە، بە تەكنیكی ئارامكەرەوە بەسەری ببە، جا وەرزشێكی سادە، رێكردنێك بەپی یان رووكردنە پارك و سەوزاییەك بێ.
7-نووستنی پێویست:
لەكاتی نووستنێكی ئارامدا، جەستە دەكەوێتە خۆ فرێشكردنەوە لەو كاریگەرییە خراپانەی شڵەژان و دڵەڕاوكێ لەسەری درووستیان كردووە. خەوێكی تەندروست دەبێ لە شوێنێكی ئارام، نوێنێكی ئاسوودە و هەوایەكی خاوێندا بێت.