توێژینەوە: زەردەچەوە دژی ئاوی رەشی چاوە


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە پێکهاتەیەکی نێو زەردەچەوە دەبێتە جێگەی ئومێدی ملیۆنان تووشبووی ئاوی رەشی چاو.


ئاوی رەشی چاو (گلوکۆما) بریتییە لە بەرزبوونەوەی گوشاری چاو کە دەبێتەهۆی لەنێوچوونی دەماری بینایی، ئەوەش توانای بینین لاوازدەکات و ئەگەر چارەسەرنەکرێت، دوورنییە بە لەدەستدانی یەکجاریی بینین کۆتایی بێت.

توێژەرانی کۆلێجی زانکۆیی لەندەن دەڵێن یەکێک لە پێکهاتەکانی نێو زەردەچەوە رێگە لە کوێربوون دەگرێ لە تووشبووانی ئاوی رەشی چاو، ئەگەر بەشێوەی قەترە بەکاری بهێنن.

لە سەرتاسەری جیهان 60 ملیۆن کەس ئاوی رەشی چاویان هەیە، کە زۆربەیان لە کەسانی بەساڵاچوون و ژمارەیەکی بەرچاویان لە مەترسیی لەدەستدانی بیناییدان.

ماددەکەی نێو زەردەچەوە بەشیوەی قەترە دراوە بەو مشکانەی ئاوی رەشی چاویان هەبووە و دەرکەوتووە بەشێوەیەکی کاریگەر رۆڵی هەبووە لە رێگاگرتن لە تێکچوونی شانەکانی تۆڕی چاو و دەماری بینین.

توێژەران گوتوویانە درووستکردنی ماددەکە بەشیوەی حەب ئاستەمە، چونکە هەم گران شی دەبێتەوە و هەم بۆ پەیداکردنی کاریگەریی لەسەر چاو کەسەکە دەبێ رۆژانە 24 حەبی لێبخوات، ئەوەش کارێکی سەختە.

بۆیە ئێستا زاناکان لە هەوڵدسان بەشێوەی قەترە درووستیبکەن، کە وادەکات توانای شیبوونەوە و گۆڕانی بۆ رەگەزە کاریگەرەکەی ٤٠٠ هێندەی حەبەکە بەهێزبێت.