بۆچی دواى مەلەکردن چاوەکانت دەکزێنەوە؟
رووداو - DPA
بەشێک لە خەڵکی پاش مەلەکردن لە مەلەوانگەکان، تووشی کزانەوەی چاو دەبن، هۆکاری ئەم حاڵەتە سرووشتی ئاوی مەلەوانگەکانە.
د.فرانک هۆڵتز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو لە ئەڵمانیا دەڵێ هۆکاری سووتانەوە و خورانی چاو لەپاش مەلەکردن لە مەلەوانگەکان دەگەڕێتەوە بۆ رێژەیەکی زۆری کلۆر لە ئاوی مەلەوانگەکەدا کە دەبێتە هۆی وروژاندنی شانەکانی چاو. بەڵام هەندێکجار هۆکارى دیکەى لە پشتە، وەک میز، ئارەقە و چڵکی مەلەوانەکانی دیکە لە ئاوەکەدا!
پسپۆڕەکە دەڵێ کردنەوەی چاو لەژێر ئاودا هۆکاری سەرەکیی چوونى میکرۆبەکانە بۆ رووپۆشەکانی چاو، چونکە لەژێر ئاودا پرۆسەی فرمێسکڕشتن پەکی دەکەوێت و ناتوانێ وەکوو پێویست چاوەکان خاوێن بکاتەوە.
هەروەها ئەو کرێمە جیاوازانەی یاریزانەکان لە جەستەیانی دەدەن، هەندێکجار لە ئاوەکەدا دەتوێتەوە و دەگاتە چاوی تۆ و دەیوروژێنێ.
بۆ چارەسەری کزانەوە، پسپۆرە ئەڵمانییەکە دەڵێ بەکارهێنانی ئەو فرمێسکە دەستکردانەی ماددەی (ترشی هایالیورۆنیک) یان تێدایە، رێگەچارەیەکی گونجاوە. ئەگەر حاڵەتەکە پاش 24 کاژێر بەردەوام بوو، دەبێ راوێژ بە پزیشک بکرێت.