زۆر خاوێن مەبن، با نەخۆش نەبن



"ئێمە ئەوەندە گرنگی بە پاك و خاوێنی منداڵەكانمان دەدەین، كەچی بەردەوام نەخۆشن. بەڵام منداڵی گەڕەكە میللییەكان و گوندەكان بەردەوام بەپێی پەتییەوە  لەنێو چڵكاو و تۆز و خۆڵن، قەت نەخۆش نابن". ئەمە گوتەیەكی زۆر باوی ژنانی خوێندەوارە.

زۆرجار نامانەوێت باوەڕ بەوە بهێنین کە ئەم قسەیە راستە، بەڵام ناشمانەوێ فێڵ لەخۆمان بكەین و لەدڵەوە پێمانوایە لەواقیعدا وایە. بۆیە پێویستە لەڕووی زانستییەوە ئەوە یەكلایی بكرێتەوە كە ئایا ئەو بۆچوونەی سەرەوە ئەسڵی هەیە یان نا؟

ئەوە زۆر بەڕوونی دیارە كە لەم سەدەیەی رابردوودا حاڵەتەكانی تووشبوون بە نەخۆشی زۆر زیادیكردووە. پزیشكان بەردەوام بەدوای هۆیەكانی ئەو بەرزبوونەوەیەدا دەگەڕێن. هەندێ هۆ بەتەواوی سەلمێندراون و هەندێک هۆی دیكەیان وەك گریمانە خستووەتەڕوو، بەڵام رۆژ بە رۆژ زیاتر بۆیان دەردەكەوێت كە ئەو گریمانانە بەجێن. یەكێك لەوانە "گریمانەی پاكی-Hygiene Hypothesis"ە، بەو واتایەی کە زیاد گرنگیدان بە پاكی، سەردەكێشێ بۆ نەخۆشی، سەیرنییە؟!

گشت كۆئەندامەكانی لەش، چەند زیاتر بەكاربهێنرێن و رووبەڕووی كۆسپ ببنەوە، ئەوەندە بەهێزتر دەبن. هەندێك لەوانە بە چاو دەبینین، وەك ئەوەی كە ماسوولكەكانمان بەزۆر مەشقپێكران و قورسیی پێ هەڵگرتن، گەورە و پتەو دەبن. رێك وەك ئەوە كۆئەندامی بەرگریش ئەوكاتە بەهێزدەبێت كە بخرێتەگەڕ، نەك ئەوەی بەردەوام پشووی پێبدرێت. بۆیە ئەگەر بێت و رێژەی ئەو میكرۆبانەی دەچنە ناو لەشەوە گەلێك كەم بن، بەتایبەتی لە سەرەتاكانی قۆناخی منداڵیدا، كۆئەندامی بەرگریی لەش بەهێز نابێت. هەربۆیە لە ئایندەشدا ناتوانێت رووبەڕووی نەخۆشی و میكرۆبی زۆر ببێتەوە. ئەمەش سەردەكێشێت بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە چەند نەخۆشییەك، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە بەرگریی لەشەوە هەیە، وەك یەكەم جۆری نەخۆشیی شەكرە، رەبوو، هەستیاریی لووت و پێست (ئەكزیما). هەروەها چەند نەخۆشییەكی دیكەش وەك شێرپەنجەی خڕۆكە سپییەكانی خوێن و ئۆتیزم و خەمۆكی.

بۆیە دەبێ بزانرێ جەستەمان لە هەموو رووێكەوە حەزی بە مامناوەندێتییە، وەكچۆن بە گەرمیی زۆر و ساردیی زۆریش تێكدەچێت، ئاواش بە پیس و پۆخڵیی  زۆر و لە هەمانكاتیشدا بە پاكیی زیاد لە پێویست تێكدەچێت.