چارەسەری سرووشتی بۆ قوڕگئێشە
رووداو- ئاژانسەکان
قوڕگئێشە یەکێکە لە لێکەوتەکانی پەتا وەرزییەکانی وەک هەڵامەت و ئەنفلۆنزا، هەندێکجاریش هەوکردنێکی بەکتریاییە. زۆربەی حاڵەتەکان دەکرێ هەر لە ماڵەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و پێویست بە سەردانی نەخۆشخانە ناکات و لەماوەی هەفتەیەکدا چاکدەبنەوە.
رێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵی لە ماڵەوە:
1- دەرمانە هێورکەرەوەکانی تا و ئازار: وەک پاراسیتۆڵ و پرۆفین، بەڵام ئەو کەسانەی گرفت لە گەدەیان هەیە باشترە لە پرۆفین دووربن، مەگەر پزیشک بۆیان دیاری بکات. ئەوانەش کە گرفتی جگەریان هەیە پاراسیتۆڵ بەبێ رێنمایی پزیشک نەخۆن.
2- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی: مەرج نییە گەرم بن، شلەمەنی ساردیش بۆ ئەم حاڵەتە باشە
3- خواردنی نەرم و فێنک لە ژەمەکانت بخۆ
4- وەستاندنى جگەرەکێشان و دووربوون لەو شوێنانەی جگەرەیان تێدا دەکێشرێ.
5- غەرغەرە بە خوێواو: نیو کەوچکە چا خوێ بکە نێو پەرداخێک ئاو و لە دەم و گەرووتدا غەرغەرەی پێ بکە. ئەمەیان بۆ منداڵ گونجاو نییە و تەنیا بۆ گەورەکانە.
6- چای سەوز: بە خواردنەوە بێ یان غەرغەرە
7- سرکە و هەنگوین: هیپۆکراتی باوکی زانستی پزیشکی پیادەی کردووە
8- ئاوی لیمۆ (شلەتێن) و هەنگوین
لەم بارانەدا سەردانی پزیشک بکە بۆ چارەسەری قوڕگئێشە:
1- ئەگەر هەفتەیەک تێپەڕی و نیشانەکان هەر بەردەوام بوون.
2- نیشانەکان نائاسایی و توندبوون، وەکوو پەتاکانی پێشوو نەبوون
3- زۆر دووبارەبوونەوەی گرفتی قوڕگئێشە
4- ئەگەر لەوانەیت کە بەرگریت لاوازە، وەکوو شەکرەی کۆنترۆڵنەکراو، تەمەنی سەروو 65 ساڵی، ئەوانەی چارەسەری دابەزاندنی بەرگری وەردەگرن وەکوو رۆماتیزمەی درێژخایەن و شێرپەنجە.