گرنگیی ڤیتامین (K) چییه و له‌چیدا هه‌یه؟
رووداو-DPA
جۆرناڵی (ئێن ستایل)ی ئه‌ڵمانی ده‌ڵێ جگه له گرنگیی زانراوی ڤیتامین (K) له پرۆسه‌ی مه‌یینی خوێندا، ده‌ركه‌وتووه پێشگیری له فشه‌ڵبوونی ئێسك ده‌كات، دژی ره‌قبوونی خوێنبه‌ره‌كان و تووشبوون به شێرپهنجهیشه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی رێگا له چرچبوونی پێست ده‌گرێت.
ڤیتامین (K) دوو جۆره:
-ڤیتامین K1 كه له سه‌وزه گهڵادارهكانی وه‌ك سپێناخ، كه‌له‌رم، گژوگیا تازه‌كان و ئه‌ڤۆكادۆ هه‌یه.
-ڤیتامین K2 كه له به‌رهه‌مه ئاژه‌ڵییه‌كاندا هه‌یه، به‌تایبه‌ت جگه‌ری په‌له‌وه‌ره‌كان، هێلكه و شیره‌مه‌نییه‌كان.
ڤیتامن (K) له‌و ڤیتامینانه‌یه كه له چه‌وریدا ده‌توێنه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌وری بخورێن ریخۆڵه باشتر ده‌توانێ ههڵیانبمژێت.
بۆیه شاره‌زایانی جۆرناڵه ئه‌ڵمانییه‌كه داواتان لێده‌كه‌ن له ریزبه‌ندی خوارده‌مه‌نییه‌كانی رۆژانه‌تاندا ئه‌وانه‌تان بیرنه‌چێت كه به ڤیتامین (كه‌ی) ده‌وڵه‌مه‌ندن.