هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی سێکسکردن لەنێو ئەمریکییەکان ئاشکرادەکرێت


رووداو- هەولێر 

بەگوێرەی راپۆرتێكی گشتی کۆمەڵگە دەرکەوتووە ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی لە ساڵی ٢٠١٨ سێکسیان نەکردووە لە بەرزترین ئاستدا بووە بە بەراورد بە سێ دەیەی رابردوو. 


توێژەران لە راپۆرتی گشتی کۆمەڵگەدا دەڵێن چەندین هۆکار هەن بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی لە ساڵی رابردوودا هیچ سێکسیان نەکردووە، یەکێك لەوان بە تەمەن دادەنێت و روونیدەکاتەوە لە تەمەنی 60 ساڵ بۆ سەرەوە رێژەی سێکس نەکردن لە ساڵی 1996-2018 لە 18% بۆ 26 زیادیکردووە. 

لە راپۆرتەکەدا هاتووە رێژەی ئەوانەی کە سێکسیان نەکردووە و تەمەنیان 18-29 ساڵ بووە لەنێوان ساڵانی 2008-2018 دووهێندە بووە. مانای ئەوەیە نەمانی سێکس لەنێو گەنجان زۆرتر روو لە کەمبوونەوە بووە. 

جیان توێنج، پرۆفیسۆری دەروونی لە زانکۆی ویلایەتی سان دیاگۆ دەڵێت یەکێك لە هۆکارەکانی گەشەکردنی سێکسنەکردن لەنێو ئەمریکییەکان لە تەمەنی 20 ساڵیدا شتێکە پەیوەندی بەوە هەیە گەنجان لە تەمەنێكی درەنگتر بەدوای هاوژیندا دەگەڕێن، دەشڵێت ئەمریکییەکان لە ساڵانی 30-40ـەکانی تەمەنیان زۆرتر هاوسەرگیری دەکەن بە بەراورد بە تەمەنی 30 ساڵی. 

هۆکارێكی دیکەی نەبوونی سێکس لە ساڵی 2018 دەگەڕێندرێتەوە بۆ بێکاری، بەجۆرێك لە ساڵی 2018 دا 54%ی ئەوانەی بێکاربوون، هیچ پەیوەندییەکی سۆزدارییان نەبووە، لەکاتێکدا تەنیا 32%ی ئەوانەی کارییان هەبووە لە سێکس دابڕاون. 

لەبارەی دوایین هۆکاری سێکسنەکردن لەنێو ئەمریکییەکان، پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی ویلایەتی سان دیاگۆ دەڵێت تەکنۆلۆژیا رۆڵی هەیە، چونکە ئێستا شەوان دوای کاژێر 10 چەندین کار هەن بیکەیت بە بەراورد بە 20 ساڵ پێش ئێستا کە هیچ کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یارییە ڤیدیۆییەکان و چات و شتەکانی دیکە بەردەست نەبوون.