کۆمپانیایەکی بیمە پشکنینی جینی بۆ بەشدارانی دەکات


رووداو-سلێمانی

لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە ئەو کەسانەی بەشدارن لەگەڵ کۆمپانیای گایسنجەر (Geisinger)ی تایبەت بە بیمەی تەندروستی لە ئەمریکا، دەتوانن داوای پشکنینی جینی بکەن، کە دەتوانێ گرفتە بۆماوەییەکانیان پێبڵێ کە رێگە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکان خۆسدەکەن.


سەرەتا پشکنینەکە بۆ هەزار کەس دەکرێ و ئامانجی کۆمپانیاکە ئەوەیە بۆ سێ ملیۆن کەسی ئەنجامبدات.

کەسەکە دەتوانێت نموونەیەک لە خوێن یان بەڵخەمی خۆی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی لە رێگایەوە ترشە ناووکی (DNA) یەکانی وەربگیرێن، پاشان کۆپییەکی زانیارییە وەرگیراوەکان لە سیفەتی بۆماوەیی کەسەکە رەوانەی پزیشکی ئەو کەسە دەکرێن.

بە تەکنیکەکە بازدانی بۆماوەیی لە 77 جیندا ئاشکرادەکرێن کە پەیوەندییان هەیە بە تووشبوون بە دەیان نەخۆشی، وەکوو شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.

ئەگەر بۆماوەی کەسەکە پەیوەندی هەبوو لەگەڵ توشبوون بە گرفتێکی دیاریکراو (وەکوو بەرزیی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن)، ئەوە پزیشک بابەتەکە و رێگاچارەکانی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ کەسەکە گەنگەشەدەکات، بۆ نموونە رێکخستنی خۆراک و وەرزشکردن و رێگاککانی دیکە.