گۆرانیبێژێكی عێراقی نهێنی ئاهەنگەكانی سەدام ئاشكرادەكات

رووداو-ئاژانسەكان

گۆرانیبێژێكی ئاهەنگەكانی سەدام حوسێن كتێبێك لەسەر نهێنی ئاهەنگەكانی سەدام دەردەكات و وەك خۆشی دەڵێت "سووكایەتی تێدا نییە".

حوسێن نیعمە، هونەرمەندی ناسراوی عێراقی رایگەیاند، بەنیازە پەرتووكی (من و سەدام) دەربكات و تێیدا وردەكاریی تەواو سەبارەت بە ئاهەنگە تایبەتییەكانی سەدام حوسێن ئاشكرابكات.

هەروەها كتێبەكە ناوی ژمارەیەك كەسیش لەخۆدەگرێ، كە لە ئاهەنگەكانی كۆشكی كۆماری ئامادە دەبوون.

نیعمە گوتیشی: "كەسایەتی سەدام لە ئاهەنگەكاندا جیاواز بوو لەو كەسایەتییەی پێیەوە ناسرابوو، ئاهەنگەكانی سەدام زۆر نهێنی بوون، تەنانەت تیپە مۆسیقاكەشی، كە پێنج كەس بوون، سێ كەسیان نابینا بوون".

نیعمە لە بارەی کتێبەکەی زیاتر گوتی: "پەرتووكەكەم 100 لاپەڕەیە و لە نووسینەوەیشیدا پشتم بەیاداشتەكانم بەستووە و هیچ سووكایەتییەكیشی تێدا نییە".

هونەرمەندی ناسراوی عێراقی دەڵێت "سەدام زۆر حەزی لە گۆرانی (بویە سعد یابویە)ی داخل حەسەن و (براضە امشي براضە)ی ناسر حەكیم دەكرد و لە هەموو ئاهەنگەكانیدا دەبوو ئەو دوو گۆرانیەی بۆ بڵێم".