بۆچی کچان قژیان هەڵدەوەرێ؟
رووداو- فۆکس نیوز
لە هەردوو رەگەزەکەدا بەگشتی لەگەڵ چوونە تەمەن، قژ زۆرتر دەڕووتێتەوە، بەڵام کاتێک قژی کچێکی لاو دەست بە هەڵوەرین دەکات، ئەوە دەبێتە هۆی خەمگینی و گوشاری دەروونیی هەراسانکەر لەو تەمەنەدا کە بەلای کچانەوە بەهایەکی زۆری هەیە لە پاراستنی جوانیدا.
تەمەنی لاوێتی بەشێکی بەرچاو لە کچان، خاڵی نییە لە خەمی تەنکبوون و ژاکانی قژ، هەواڵە خۆشەکەش ئەوەیە کە زۆرکات چارەسەری هەیە. ئەمانە هۆکارە سەرەکییەکانی رووتانەوەی قژی کچانن:
1- هۆرمۆنەکان:
لە جەستەی کچانی لاودا هۆرمۆنەکان لە بەرزی و نزمیدان، ئەو بەرزی و نزمییە وەک چۆن کار لە گەشە و هەست و سۆزیان دەکات، کار لە گەشە و بەهێزیی مووەکانیشیان دەکات. هۆرمۆنی بەرپرس لەم حاڵەتەش بریتییە لە هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن کە بە هۆرمۆنی نێرینە ناسراوە و بە راددەیەکی بەرز لە پیاواندا هەیە، بەڵام جەستەی خانمانیش بە بڕێکی کەمتر ئەم هۆرمۆنەی تێدایە. هۆرمۆنەکە لەلایەن ئەنزیمێکی چەورییە رژێنەکانی مووەکانەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک کە بە دایهادرۆ تێستۆستیرۆن ناسراوە. ئەمەی دوایی دەبێتە هۆی پووکانەوەی چیکڵدانەی مووەکان و هەڵوەرینیان.
بۆیە لەکاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو هۆرمۆنەدا، کچان قژیان دەڕووتێتەوە و تەنک دەبێت. کاتێک گەیشتنە تەمەنی پێگەیشتن و هۆرمۆنەکانیان باڵانسیان وەرگرت، ئیدی کەمتر هەست بە رووتانەوەی خێرای قژیان دەکەن.
2- دەرمان:
هەندێک دەرمان هەن لە هەریەک لە لاوان و پێگەیشتوواندا دەبنە هۆی رووتانەوەی قژ. لە خانمانی لاودا ئەو دەرمانە هۆرمۆنییەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی وردەکیسی هێلکەدان (PCOS) بەکاردێ، هۆکاری سەرەکییە.
لە نموونەی دەرمانەکانی دیکە کە دەبنە هۆی قژڕووتانەوە: دەرمانەکانی دژە مەیینی خوێن، بێتابلۆکەرەکان و بڕی زۆر بەرزی ڤیتامین ئەی.
3- خۆراکی نادروست:
گەنجانی ئێستا لەبری میوە و سەوزە بخۆن، خەریکی خواردنی خۆراکە دەستکردە شیرین و چەورەکانن، ئەوەش مووەکانیان تووشی بەدخۆراکی دەکات، لاواز و ژاکاویان دەکات. هەندێکجار رێجیمی زۆر توندی خۆراکی دەبێتە هۆی بێبەشبوونی جەستە لە ڤیتامین و کانزا پێویستەکان.
4- ستایل:
بۆ رێکردن لەگەڵ رەوتی مۆدێلات و ستایلی ئەمڕۆ، کچانی گەنج پەنادەبەنە بەر بەکارهێنانی ئامێری گەرمکەری مووەکان، یان توند بەستنیان. هەموو ئەوانەش رێگە خۆش دەکەن بۆ وشکبوونەوە و ناسکبوونەوەی تاڵەمووەکان و هەڵکێشانیان.
5- نەخۆشی:
هەندێکجار رووتانەوەی مووەکان ئاماژەیە بۆ نەخۆشییەکی دیکەی جەستەیی، بۆ نموونە ناتەواویی رژێنی دەرەقی، شەکرە، نەخۆشیی پێست، ناتەواویی پێستی سەر و هەندێک حاڵەتی دەروونی کە تێیاندا کەسەکە بێئەوەی سەرنجی تەواوی لەسەر خۆی بێ، مووەکانی سەری خۆی هەڵدەکەنێ.