هۆکاری دروستبوونی دڵەکزێ چییە؟

رووداو- هەولێر

دڵەکزێ ناڕەحەتییەکی زۆری بۆ بەشێکی خەڵکی دروستکردووە و یەکێکە لە گرفتە بەربڵاوەکانی کۆئەندامی هەرس دڵەکزێ ناوەکەی هەڵخەڵەتێنەرە بەڵام گرفتەکە لە گەدە و سورێنچکە نەک دڵ. 

دڵەکزێ کاتێک روودەدات کە ترشەلۆکی نێو گەدە دەگەڕێتەوە بۆ سورێنچک، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی ئازارێکی بێزارکەر. هەستکردن بە دڵەکزێ لەو کەسانەی هیچ گرفتێکی گەدە و سورێنچکیان نییە زۆربەی کات ئاساییە، پێویستی بە هیچ راوێژێکی پزیشکی نییە چونکە ئەمە فیسیۆلۆژی جەستەیە و بڕێکجار بەهۆی ئەو خواردنەی دەیخۆین لەوانەیە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ نێو سورێنچک و مەترسیدار نییە، بەڵام ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی درێژخایەن بەدەست ئەم گرفتەوە دەناڵێنن، دەبێت سەردانی پزیشک بکەن چونکە ئەگەر لە هەفتەیەکدا دووجار تووشی ئەم حاڵەتە بیت، چارەسەرنەکردنی مەترسیی لێدەکەوێتەوە.

هۆکاری دروستبوونی دڵەکزێ دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند گرفتێکی گەدە و سورێنچک یان شێوازی ژیانی ناتەندروست لەوانەش زۆرخواردن، جگەرەکێشان، قەڵەوی. هەستکردن بە سووتانەوەی بەشی سەرەوەی سک و هەستکردن بە ترشێیەتی نێودەم دوو لە دیارترین نیشانەکانن.

لەماوەی دووگیانیدا دڵەکزێ زۆر زیاددەکات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکاری لە ئاستی هۆڕمۆنەکان و گەورەبوونی قەبارەی سک، بۆیە خانمانی دووگیان بۆ دووربوون لەم گرفتە دەبێت ژەمەخۆراکی بچووک بخۆن، لەماوەی کاژێرێک دوای خواردن پاڵنەکەون و لە خۆراکە تیژەکان دوورکەونەوە.

بەشێوەیەکی گشتی ئەو کەسانەی دڵەکزێیان هەیە دەتوانن دەرمانی دژە ترشەڵۆکی گەدە وەرگرن و لە خووە ناتەندروستەکانی رۆژانەشیان بەدووربن.