گەڕانەوە بۆژیان لە ئەشکەوتدا
ئەوانە بنەماڵەیەکی فەلەستینین و ماوەی هەفتەیەکە لە ئەشکەوتێکدا لە رۆژهەڵاتی قودس ژیان بەسەردەبەن.
ئەوان لە دایک و باوکێک و ٥ منداڵ پێکدێن، ماوەی دوو هەفتەیە لە ناو ئەو بەردانەدا ژیان بەسەر دەبەن.
پێشتر ئەو ئەشکەوتە لەلایەن خێزانەوە بۆ ئاژەڵەکانیان بەکار هاتووە بەڵام ئێستا بەتەواوی بووەتە ماڵیان.
ئێستا ئەوان هەندێک کەلوپەلی وەک قەنەفە و بەفرگر و تەلەفزیۆنیان گواستوەتەوە بۆ ئەشکەوتەکە و کارەباشیان بۆ ئەشکەوتەکە دابین کردووە.
خالید زیری، تەمەن ٣٠ ساڵە، باس لەوە دەکات کە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە خانووەکەی رووخێنراوە و نەیتوانیوە بچێتە ماڵی باوکی بەهۆی ئەوەی خانووەکەیان بچووک بووەتەوە.
هەروەها دەشڵێت "خانووەکەم روخێنرا و ناچاربووم لێرەدا بژم، چونکە هیچ شوێنێکی دیکەم بەدەست نەکەوت تێیدا بژیم، ماڵی باوکم نزیک بوو لێمان، بەڵام لەبەر ئەوەی ماڵەکەیان بچووک بوو نەمان توانی بچینە ئەوێ تەنیا بۆ خۆشوشتن دەچینە لایان".
کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن خالید بەبێ مۆڵەت خانوەکەی لەسەر زەوییەک درووستکردبوو کە لەلایەن کاربەدەستانی ئیسرائیلی بۆ پارکێک تەرخان کرابوو، بۆیە خانوەکەیان رووخاندووە، ئەویش دەڵێت ٧ ساڵە خانوەکەی درووستکردووە و ئەو کاتە پێویستی بە مۆڵەت نەبووە و خێزانەکەشی دەڵێن موڵکی خۆیان بووە
" سەرەتا شارەوانی رەزامەندیدا بەوەی بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام دواتر کارمەندانی شارەوانی هاتن و بەبێ ئاگادارکردنەوەم تێکیاندا " خالید پێیوایە زەویەکە موڵکی خۆیەتی، هەروەها جارێ پلانی ئەوەی دانەناوە ئەشکەوتەکە بە جێبهیڵێت.