"باجی سەر جگەرە لە کوردستان "شتێکی رەمزییە
رووداو-هەولێر
لە باشووری کوردستان باجی سەر پاکەتی جگەرە هێندە زۆر نییە کە کاریگەری لەسەر نرخەکەی هەبێت و بەڕێوەبەری گشتی باج لە هەرێمی کوردستان دەڵێت باجەکە زیاتر رەمزییە. ئەمەش وایکردووە نرخی پاکەتی جگەرە کەمبێت، کە لە 250 دینارەوە دەستپێبکات، بۆیە تەنانەت بۆ منداڵ و نەجەوانانیش کارێكی هێندە ئاستەم نییە کە بیانەوێت پاکەتێک جگەرە بکڕن.
کێشانی جگەرە و نێرگەلە ئەو ئارەزووەی دوای بەربانگ لە مانگی رەمەزان چەند هێندە زیاتر دەبێت، بە جۆرێک بەشێک لە گەنجانی باشووری کوردستان بە تایبەت بۆ کێشانی جگەرە و نێرگەلە کۆدەبنەوە. دلێر گەنجێکی شاری هەولێرە، ئەو رۆژانە دوو پاکەت جگەرە دەکێشێت کە نرخی هەر پاکەتێک هەزار دینارە، ئەو دەڵێت ناتوانم واز لە مادەی نیکۆتین بهێنم، بەڵام ئەگەر نرخی جگەرە بەرزبێتەوە ناچارە ئەویش ژمارەی ئەو جگەرانەی دەیکێشێت کەمبکاتەوە.
پاکەتە جگەرەکانی باشووری کوردستان بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان کەمترین نرخیان هەیە، بۆیە جگەرە فرۆشان بازارێکی گەرمیان هەیە، ئیستا لە خاڵە سنوورییەکانی باشووری کوردستان تەنیا 3% رسوماتی گومرگی بۆ جگەرە داندراوە، لە ناوخۆش 5% باج لە کۆمپانیاکانی هێنانی جگەرە وەردەگیرێت، کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە لەسەر نرخی جگەرە، کە بەهۆکارێکی سەرەکی دادەندرێت بۆ کەمبوونەوەی جگەرە کێشان.
لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان دەریانخستووە لە یەک جگەرەدا 4 هەزار ماددەی زیانبەخش هەن، کە 50 یان هۆکاری راستەوخۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەن.