چوار نیشانەی سەیری کەمیی کانزا و ڤیتامین
رووداو - DW
بەشێک لەو نەخۆشییانەی تووشی مرۆڤ دەبن، بەهۆی کەمیی کانزا و ڤیتامین و رەگەزە خۆراکییە پێویستەکانەوە روودەدەن، بۆیە هەمیشە پزیشکان رێنمایی کەسانی ئاسایی دەکەن خۆراکی فرەجۆر و هەمەڕەنگیان هەبێ.
جەستەی مرۆڤ هەندێک ئاماژە دەدات کە نەخۆش هەستی پێدەکات و پزیشکیش لەو زمانەی جەستە تێدەگات و هەندێکجار بۆی دەردەکەوێ بەهۆی کەمیی رەگەزێکی خۆراکییەوەیە کە ئەمانە هەندێکیانن و پسپۆڕانی ئەمریکا لە ماڵپەڕی پزیشکیی (پریڤێنشن) ئاماژەیان پێکردوون:
- سەرخوراندن:
خەڵکی وەها تێگەیشتوون کە هۆکاری خورانی سەر تەنیا کڕێشی پێستی سەرە یان جۆرێک لە هەستەوەرییە، بەڵام توێژەرانی ئەمریکا دەڵێن هەندێک جار ئەمە بەهۆی کەمیی ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ و ئەلفالینۆلیلک ئەسید روودەدات کە بە پلەی یەک لە ماسییە چەورەکاندا هەن، پاشان گوێز و ناوکی کەتان. بۆیە وا باشە هەر کەسێکی ئاسایی هەفتانە دوو ژەم ماسیی چەور بخوات.
- پەڵە و زیپکە:
ئەو زیپکە سوورە وردانەی کە لەسەر پێست بە گشتی و پێستی پەلەکان بە تایبەت دەردەکەون، هەندێکجار هۆکارەکەیان کەمیی ڤیتامین (A) یان ماددەی (زینک)ە. بەپێی خەمڵاندنە زانستییەکان 17%ی خەڵکی جیهان کەمیی زینکیان هەیە، هەروەها یەک لە سێی منداڵان و یەک لە شەشی خانمانی دووگیان کەمیی ڤیتامین (A) یان هەیە.
سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ڤیتامین A بریتین لە: جگەر، شیر، هێلکە، سەوزە گەڵاپانەکان و پەتاتە.
سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی زینک بریتین لە: سەدەف، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک و شیرەمەنییەکان.
- قژی سپی و لاواز:
جگە لە فاکتەری بۆماوەیى، بەشێک لە هۆکارەکانی قژی سپی و خۆڵەمێشی بەهۆی کەمیی کانزای مس لە جەستەدا روودەدات. مس رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستبوونی بۆیەی سروشتیی میلانین کە رەنگێکی تۆخ دەداتە تاڵە مووەکان.
سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی مس بریتین لە: سەدەف، قارچک، کونجی، گازۆ، پاقلەمەنییەکان، میوە وشککراوەکان و ئەڤۆکادۆ.
هەرچی قژی لاواز و ماندووە، ئەوە هەندێکجار بەهۆی کەمیی ماددەی ئاسن یان فۆلیک ئەسید و بایۆتین روودەدات.
ئاسن لە گۆشتی سوور، خواردنە دەریاییەکان، جگەر و گۆشتی قەلدا زۆرە. فۆلیک ئەسید لە سەوزە گەڵاپانەکان، پاقلەمەنییەکان، گەنم و برنجدا هەیە. بایۆتین لە زەردێنەی هێلکە، بادام، کەلەرم، پەتاتە و سپێناخدا هەیە.
- برینی دەم:
کەمیی ڤیتامین (B12) دەبێتە هۆی برینی بەئازاری دەم. بەڵام برینی دەم هۆکاری زۆری هەن، بۆیە ئەگەر ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو، یان زوو زوو روویدا، باشترە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ بەدواداگەڕانی هۆکارەکەی.
ڤیتامین B12 لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی سپی، هێلکە، شیر و بەرهەمەکانی شیردا زۆرە.
تێبینی: ئەم بابەتە تەنیا بۆ رۆشنبیری تەندروستییە، ئەگەر تۆ یەکێک لەو نیشانانەت هەیە، دەبێت پزیشک بڕیار بدات هۆکارەکە چییە، چونکە هەریەک لەوانە هۆکاری جیاوازیان هەیە و چارەسەریش بەپێی هۆکارەکەیە