فەیسبوک پێشوەخت هەست بە جیابوونەوەی کەپڵەکان دەکات

رووداو – daily mail

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی تازەی زانكۆی كۆرنێڵی ئەمریكی، بە لێكۆڵینەوە لەسەر گروپی هاوڕێی هەردوولا لە فەیسبووك، دەرکەوتووە ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییە دەتوانێت رادەی گەرمی پەیوەندی كەپڵەكان بزانێت.

 لێكۆڵەرەوەكان لێكۆڵینەوەیان لەسەر 1 ملیۆن بەكارهێنەری فەیسبوك كرد، كە لەسەر پرۆفایلەكەیان نوسراوە كەپڵیان هەیە و سەیری تۆڕی هاوەڵەكانیان كردن. 
لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا دەركەوت ئەو كەپڵانەی هەمان لیستی هاوڕێیان هەیە واتا رێژەیەكی زۆر mutual friend ( هاوڕێی هاوبەش ) یان هەیە، بەدەگمەن لە پەیوەندیدا دەمێننەوە.

لێكۆڵەرەوەكان دەشڵێن " پێوەرەكەی ئێمە بۆ لەیەكجیابوونەوەی كەپڵەكان تەنیا پەیوەست نەبووە بەوەی ئەم دوو كەپڵە چەند هاوڕێی هاوبەشيان هەیە، بەڵكو پەیوەستبووە بە پەیوەندی ئەو هاوڕێ هاوبەشانەش بەیەكەوە، هەتاوەكو ئەمانیش پەیوەندییان كەمتربێت، زیاتر كار لەمانەوەی ئەم كەپڵە دەكەن".

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەش ئەوەی دەرخست، كە ئەوكەسانەی هاوڕێی جیا و تایبەت بەخۆیان هەیە، باشتر لە پەیوەندییە سۆزدارییەكە دەمێننەوە.