خاتەمولئەنبیا بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: چاوەڕێی گورزی وێرانکەر بن

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایدەگەیێنێت، زانیارییەکانیان لەسەر توانای سەربازیی تاران "ناتەواوە" و ئەو شوێنانەی لە هێرشەکانیان دا کراونەتە ئامانج، لە چاو بنکە ستراتیژییەکانی ئێران دا "بێبایەخن".
 
پێنجشەممە، 2-4-2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی (خاتەمولئەنبیا) لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند: "وەک پێشتر گوتوومانە، بە دووژمنانی ئەمریکی و زایۆنی رادەگەیێنین کە زانیارییەکانتان لەسەر توانا و دەسەڵاتی سەربازی و کەرەستە جەنگییەکانی ئێمە کەمە و لەبارەی توانا ستراتیژییە فراوانەکانمانەوە هیچ نازانن."
 
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو وێنایەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیانە لەبارەی تێکشکاندنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ستراتیژی، درۆنی دوورهاوێژی هێرشبەر، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و جەنگی ئەلیکترۆنی، "تەنیا خەیاڵە" و گوتی: "بەو تێڕوانینە هەڵەیەتان، تەنیا خۆتان زیاتر لەو زۆنگاوەدا نقوم دەکەن کە تێی کەوتوون."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە گوتارێکدا سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر ئێران راگەیاند، تەنیا مانگێک بەسەر (تووڕەیی داستانئاسا)یە تێدەپەڕێت کە کرایە سەر رژێمی ئێران و گوتی: "ئێستا هێزی چەکداری و ئاسمانیی ئێران نەماون، سوپای پاسداران بە تەواوی کاولکراوە و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکیان خاپوور کراون." 
 
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا دەڵێت، ئەو ناوەندانەی کراونەتە ئامانج زۆر کەم و بێبایەخ بوون، چونکە "بەرهەمهێنانی ستراتیژیی سەربازیی ئێمە لە شوێنێکدایە کە ئێوە بە هیچ شێوەیەک زانیاریتان لەسەری نییە و هەرگیز دەستان پێیان ناگات."
 
سەبارەت بە هەژمارکردنی ژمارەی مووشەک و درۆنەکان، گوتەبێژەکە گوتی: "خۆتان ماندوو مەکەن بە ژماردنی مووشەک و درۆنەکانمان، چونکە بێگومان دەکەونە هەڵەوە و بە هیچ ئەنجامێک ناگەن."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژەکە جەختی لەسەر وەڵامدانەوەی تاران کردەوە و رایگەیاند: "دەبێت باجی ئەو دەستدرێژییە بدەن کە دەستپێکەری بوون. بە پشت بەستن بە خودا، ئەم شەڕە تاوەکو سەرشۆڕی و پەشیمانی هەمیشەیی و خۆبەدەستەوەدانی ئێوە بەردەوام دەبێت، چاوەڕێی هەنگاوی کوشندەتر، فراوانتر و وێرانکەری ئێمە بن."