دوو حاجی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سعودیە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دوو حاجی دیکەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای تەواوکردنی رێوڕەسمی حەج لە مەککە گیانیان لەدەستدا.
کاوە شێرزادی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و زیارەتی پارێزگای سنە ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، سێیەمین حاجی ئەو پارێزگایە بە ناوی عەبدوڵڵا وەیسی، تەمەن 71 ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە بە هۆی وەستانی دڵەوە لە مەککە کۆچی دواییکرد.
سەعیدە کەریمی خوو، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و زیارەتی پارێزگای کرماشانیش رایگەیاند، حاجییەکی ئەو پارێزگایە بە ناوی محەممەد لاو عەبدوڵڵاهی رۆژی شەممە 01-07-2023 لە شوێنی مانەوەی لە شاری مەککە گیانی لەدەستداوە.
حاجییەکە لە کاروانی حاجییانی شاری روانسەر بووە، تەمەنی 94 ساڵان بووە و لە مەککە بەخاک سپێردراوە.
شەوی رابردووش گیانلەدەستدانی حاجییەکی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوی ساڵح باقەدەم راگەیێندرا. هەروەها پێشتر حاجییەکی خەڵکی بانە بە ناوی مستەفا مەحموودزادە کە بە تەمەنترین حاجی کوردستان و ئێران بوو لە تەمەنی 111 ساڵی گیانی لەدەستدا.