سوپاسالاری ئێران سەردانی بەغدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سوپاسالاری ئێران بە سەرۆکایەتی شاندێکی سەربازی سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببێتەوە.
 
رۆژی شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023، میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویکردەوە، "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد باقری، سوپاسالاری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بانگهێشتی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەردانی بەغدا بکات".
 
محەممەد باقری بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی – سیاسی لە بەغدا لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی دیکە کۆدەبێتەوە.
 
سوپاسالاری ئێران ماوەی سێ رۆژ لە بەغدا دەمێنێتەوە و بەگوێرەی میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، "تەوەری کۆبوونەوەکان رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گۆڕانکارییەکانی ناوچە، پەیوەندی دوولایەنەی سەربازی و ئاسایشی سنوورەکان دەبێت".
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەتی عێراق پەیوەندییەکی بەهێز لە چەندین بواردا لەنێوانیاندا هەیە. ساڵانەش چەندین جار بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات سەردانی پایتەختەکانی یەکدی دەکەن.