ئیسرائیل ناوچەی قرداحەی لە سووریا بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێگەیەکی سەربازی لە ناوچەی قرداحەی پارێزگەی لازقییەی سووریا کردووەتە ئامانج کە "چەکی سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەدی" تێدا بووە.
سوپای ئیسرائیل لە ئێکس نووسیویەتی، هێزەکانیان "پێگەیەکی سەربازی کردووەتە ئامانج کە کۆگای چەکی سەردەمی ئەسەد بووە".
پێگە سەربازییەکە لە ناوچەی قرداحەی سەر بە پارێزگەی لازقییەیە، قرداحە شوێنی لەدایکبوون و نیشتەجێی ئەسەد و خێزانەکەی بوو لە ناوچەی ناسراو بە "ساحیل" لە رۆژئاوای سووریا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، بڕیاردرا ژێرخانێکی سەربازی لە ناوچەکە بکرێتە ئامانج".
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و بە گوێرەی پێویست دەجووڵێتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە هاووڵاتییانی دەوڵەتی ئیسرائیل.
بە گوێرەی هەندێ سەرچاوەی ناوخۆیی سووریا، هێرشە ئاسمانییەکە بۆ سەر پێگەیەک بووە لە نزیک کارگەیەک بەناوی "وەهیب" لە ناوچەی قرداحە بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر ئەو پێگەیە بدەن.
هەندێ چالاکڤانیش ئاماژەیان بە چەند هێرشێكی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کردووە بۆ سەر شاری تەرتووس لە رۆژئاوای سووریا و ناوچەکانی دەوروبەری حمس؛ هەروەها دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەتەوە، گوایە کەشتییەکی سەربازیی سەردەمی ئەسەد کراوەتە ئامانج.
لە باشووری دیمەشقیش، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەردەوامە لە چاودێریکردنی ناوچەی قنێیترە، رۆژانەش چاودێریی ناوچەکانی درعای سەر سنووری باکووری ئوردن-یش دەکات.
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر دەیان پێگە و کەرەستەی سەربازی و چەکی گەورە و مامناوەند لە چەند شوێن و پێگەیەکی سووریا.
حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، رێگە بە سووریا نادەن جارێكی دیکە هێزی سەربازی، بەهێز بکاتەوە بە ئاستێک بتوانێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هەروەها رێگەش نادەن بە گرووپە چەکدارەکان لە سووریاوە هاوشێوەی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەیان.